رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو رووداوانەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا بەرامبەر بێنفیکا روویاندا، جارێکی دیکە ریال مەدرید دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی لالیگا و بەرامبەر ئۆساسۆنا یاریی دەکات.
یارییەکە کاژێر 20:30 بەڕێوەدەچێت و ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی ئۆساسۆنا.
رۆژی هەینی ڤینیسیۆس جونیۆر، دوای ئەوەی مشتومڕێکی زۆر نایەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەیدا کرد و ئامادەیە بۆ ئەوەی لە یارییەکەی ئەمشەودا درێژە بە ئاستە بەرزەکەی بدات و هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و پارێزگاریکردن لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا.
ریال مەدرید چوار یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە، ئەوان گەڕی رابردوو بەهۆی دۆڕانی بارسێلۆناوە چوونە پێشەنگی ریزبەند و دوو خاڵ لە رکابەرەکەیانەوە دوورن، دەیانەوێت ئەمشەو درێژە بە ئەنجامە باشەکانیان بدەن.
لە یارییەکەدا هەریەکە لە جود بێلینگهام، ئیدێر مێلیتاو، رۆدریگۆ و دین هاوسن بەهۆی پێکانەوە بەشداری ناکەن.
تیاگۆ پیتاریچ، تەمەنی 18 ساڵە و جارێکی دیکە بۆ لیستی یاریزانەکانی لۆس بلانکۆس بانگهێشتکراوە.
لە 28 یاریی رابردوودا لەسەر ئاستی لالیگا و جامی شا، ریال مەدرید هیچ یارییەکی بەرامبەر ئۆساسۆنا نەدۆڕاندووە، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە وەرزی 2010-2011 بوو کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ