رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پێشبڕکێکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، یاریی داهاتووی ریال مەدرید لە لالیگا بە یارییەکی 'زۆر مەترسیدار' پۆلێنکراوە.
فیدراسیۆنەکە ئاشکرایکردووە، لە گەڕی 24ی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە یاریگەی ئال سادار رووبەڕووی یانەی ئۆسەسۆنا دەبێتەوە و ئەو یارییە لە پۆلێنی جۆری یارییەکاندا، بە 'زۆر مەترسیدار' دانراوە.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، هۆکاری پۆلێنکردنی یارییەکەی ئۆسەسۆنا و ریال مەدرید بە 'زۆر مەترسیدار' بەهۆی رابردووی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەوەیە.
بەرلە رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان، ریال مەدرید ئەمشەو لە گەڕی 23ی لالیگا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییدەکات، لە کاتێکدا دووشەممەی داهاتوو، ئۆسەسۆنا دەبێتە میوانی ریال مایۆرکا.
رۆژنامەکە دەڵێ، وەرزی رابردوو لەسەر هەمان یاریگەی ئال سادار، ڤینیسیۆس جۆنیۆر سەنتەری کۆمەڵێک رووداوی مەترسیداربوو، کاتێک هاندەرانی یانەی ئۆسەسۆنا بەشێوازی جیاواز هێرشی رەگەزپەرستانەیان کردە سەری و سووکایەتیی زۆریان پێکرد.
لە دوای یارییەکە، ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا سەرکۆنەی سووکایەتی بەیاریزانەکەی کرد، لە کاتێکدا ئۆسەسۆنا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، ئەوەی ریال مەدرید دەیڵێت لەبارەی سووکایەتی بە ڤینیسیۆس و دروشمی رەگەزپەرستانە لە دژی، دوورە لە راستی.
ئۆسەسۆنا زیاتر گوتبووی، بەهەموو شێوەیەک چاوپۆشی لەو هەوڵانە ناکەین کە دەدرێن لەپێناو ناشرینکردنی ئەو هاندەرانەمان کە بەدرێژایی مێژوو بەوە ناسراون لە دژی رەگەزپەرستی بوون.
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لە چەند وەرزی رابردوودا، رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانە لە هەمان یاریگە، کەشی گەرم و رکابەریی تووندی بەخۆوە بینیوە و هاندەران هەڵچوونی زۆریان تێدا پێشانداوە.
بەرپرسانی ئاسایشی ئیسپانیا، ناچارن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو یارییانەی کە بەمەترسیدار دادەنرێن، ژمارەی ئاسایشپارێزان لەچواردەوری یاریگە و نێو یاریگە زیاد بکەن و بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو دۆخێکدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ