رووداو دیجیتاڵ
شاندی یانەی زاخۆ بۆ یاریی بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی لە جامی کەنداودا گەیشتە کوێت و کارگێڕیی یانەکەش بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت.
یانەکە لە دوای یارییەکەی بەرامبەر زەورا نەگەڕایەوە شارەکەی، دوای وەرگرتنی پشوویەک و ئەنجامدانی یەکەیەکی راهێنان، لە فرۆکەخانەی بەغداوە چووە ئوردن، لەوێشەوە چووە کوێت بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە دەستپێبکات، درەنگانی شەو یانەکە گەیشتە شوێنی مانەوەی.
ئەمڕۆ یانەی زاخۆ ئامادەکارییەکانی لە کوێت بۆ ئەو یارییە دەستپێدەکات، میگێل کۆلی، سەرپەرشتی مەشقدانەوەی یانەی زاخۆ دەکات تاوەکو ئەو کاتەی یانەکە راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان دەکات.
یانەی زاخۆ ناوی چەند راهێنەرێکی لەبەردەستە، ئەیوب ئودیشۆ، نزار مەحرووس، عەلی دایی، عەدنان حەمەد، فیراس خەتیب و چەند راهێنەرێکی دیکە کە چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو ناوی راهێنەری نوێی زاخۆ بەتەواوی یەکلا ببێتەوە.
حەمید ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی گوت "هیچ رووینەداوە، راستە دۆڕاندنی بەرامبەر یانەی زەورا کاریگەریی لەسەر هەموومان هەبوو، بەڵام ئێمە یانەی زاخۆین و دەتوانین بەهێزەوە بگەڕێینەوە."
لەبارەی ئەوەی کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەکە؟ سەرپەرشتیاری یانەکە گوتی "کارگێڕیی یانەی زاخۆ ناوی چەند راهێنەرێکی لەبەردەستە و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات بۆ ئەوەی باشترین بژاردە دەستنیشان بکات بۆ راهێنەرایەتیی یانەکە."
یانەی زاخۆ رۆژی سێشەممە کاژێر 20:00 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی یاریی دەکات، لەو یارییەدا میگێل کۆلی، وەکو راهێنەری یانەکە لەسەر هێڵ دەبێت و تاوەکو دەستنیشانکردنی راهێنەرێک ئەو راهێنەرە جامایکییە سەرپەرشتی مەشقدانەوەی یانەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ