رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید وەرزێکی سەخت و ئاڵۆز بەڕێدەکات، دوای دۆڕاندنی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنای رکابەری، چوونە دەرەوە لە جامی شای ئیسپانیا لەسەر دەستی ئەلباسێتی، لەدەستدانی پێشەنگی خولی ئیسپانی بە خێرایی، هەروەها رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی سەخت دەبێتەوە لە قۆناخی ١٦ـی چامپیۆنزلیگ.
گۆڕینی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر بە ئەلڤارۆ ئەربێلوا، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی تیپەکە نەبووە، چونکە لە سەردەمی ئەودا لە 13 یاری تووشی 4 دۆڕان بووە و تاوەکو ئێستاش داهاتووی جێگەی مشتومڕە، بەو پێیەی راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ریال مەدرید بۆ هاوینی داهاتوو بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی 'The Athletic' بڵاوی کردووەتەوە، هەردوو یاریی چوون و هاتنی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قۆناخی 16دا، یەکلاکەرەوە دەبن بۆ چارەنووسی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، بەو پێیەی پێویستی بە سەرکەوتن و مانەوە هەیە لە کێبڕکێکەدا بۆ بەهێزکردنی هەلی مانەوەی لە پۆستەکەیدا، سەرەتا تاوەکو کۆتایی وەرز، دووەمیش بۆ بڕواپێهێنانی فلۆرێنتینۆ پێرێز بەوەی چانسێکی دیکەی پێبدرێت بۆ وەرزی داهاتوو.
راپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن کە هەردوو یارییەکە چارەنووسی ئەلڤارۆ ئەربێلوا دیاری دەکەن، نەک تەنیا لەسەر ئاستی ئەنجام، بەڵکو لە رووی ئاست و شێوازی یاریکردنی تیپەکەشەوە، ئەمەش وای لێ دەکات ناچار بێت یارییەکی باش پێشکێش بکات و بە ئەنجام و ئاستەوە سەربکەوێت بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی.
مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا بە چەند قۆناخێکی سەختدا تێپەڕیوە، هەرچەندە لەم دواییانەدا هاوسەنگیی خۆی وەرگرتەوە و چەند ئەنجامێکی بەدەستهێنا کە وای لێ کرد بچێتە نێو کێبڕکێی پرێمەرلیگ، هەروەها تاوەکو ئێستاش لە کێبڕکێدایە بۆ 3 نازناوی دیکە.
مانچێستەر سیتی یاریی کۆتایی کاراباو کەپ بەرامبەر ئارسیناڵ ئەنجام دەدات و گەیشتووەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، هەروەها لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
لە کاتێکدا بۆ ئەلڤارۆ ئەربێلوا تەنیا دوو پاڵەوانێتی خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ ماوەتەوە، پێویستی بە بردنەوەی یەکێک لەو دوو نازناوە هەیە، لەوەش گرنگتر پەرەپێدانی ئاستی تیپەکەیە بۆ ئەوەی وەک راهێنەری ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
ئەرکەکەی ئەربێلوا بەرامبەر سیتی ئاسان نییە، چونکە تیپەکە بەدەست قەیرانێکی گەورەی پێکانەوە دەناڵێنێت، ئێستا لیستی یاریزانە پێکراوەکانی ریال مەدرید چەند ناوێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە: داڤید ئالابا، بێلینگهام، ئێدێر میلیتاو, سێبایۆس،رۆدریگۆ و ئێمباپێ کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ راهێنەرەکە دروست کردووە لە دیاریکردنی پێکهاتەی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیپەکەی گواردیۆلا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ