رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دێربییەکانی تۆپی پێی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ئەیسی میلان و ئینتەرمیلان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
دێربیی میلانۆ، لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئیتاڵیا لە یاریگەی سانسیرۆ بەڕێوەدەچێت، میلان میوانداریی ئینتەر دەکات و دەیەوێت رێگری لە نزیکبوونەوەی زیاتری رکابەرەکەی بکات بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا.
یارییەکە کاژێر 22:45 بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ هەمیشە دوور لە گەڕانەوە بۆ هەر بارودۆخێک کە پێیدا تێدەپەڕن، دوو رکابەری سەرەکیی یەکدی بوون، ئەمشەویش لەکاتێکدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە ئینتەر یەکەمە و میلان دووەم.
پێشتر هەردوو تیپ 246 جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، ئینتەر خاوەنی 91 بردنەوەیە، میلان 83 یاریی بردووەتەوە، لە 71 یارییدا هەردوو تیپ یەکسانبوون.
لەسەر ئاستی سێری ئا، نیرازۆری خاوەنی 70 بردنەوەیە و میلان 56 یاریی بردووەتەوە و 57 جار هەردوولا یەکسانبوون.
نیرازۆری لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، تیپەکە 22 یاریی بردووەتەوە، جارێک یەکسانبووە و 4 یاریی دۆڕاندووە، ئێستا بە 67 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
میلان 16 بردنەوە، 9 یەکسانبوون و 2 دۆڕانی هەیە، بە جیاوازیی 10 خاڵ لە دواوەی ئینتەرمیلانە و خاوەنی 57 خاڵە.
ئینتەر لە دوایین 9 یاریی دەرەوەی یاریگەی خۆی بردنەوەی تۆمارکردووە، لە 6 گەڕی رابردوودا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە، ئەمشەو دەیەوێت بەبردنەوەی دێربیی میلانۆ، هەنگاوێکی زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە نزیکببێتەوە و زیاتر لە رکابەرە سەرەکییەکەی دووربکەوێتەوە.
ئەیسی میلان لە دوایین 5 یارییدا سێ بردنەوەی تۆمارکردووە، لە دوایین یارییدا لە کرێمۆنێزیی بردووەتەوە و چاوی لەوەیە بەبردنەوەی دێربیی میلانۆ، جیاوازییەکەیان کەمبکاتەوە و نزیکبوونەوەی زیاتری ئینتەریش لە نازناوەکە دوابخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ