کاردانەوەکانی دوای یارییە ئاگرینەکەی چامپیۆنزلیگ

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس ئینریکێ ڤینسێنت کۆمپەنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

دوای ئەو یارییە ئاگرینەی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و بایرن میونشنی ئەڵمانی بەڕێوەچوو، راهێنەر و یاریزانانی هەردوو یانە لە لێدوانەکاندا را و بۆچوونی خۆیان لەسەر یارییەکە بۆ میدیاکان خستەڕوو، کە ئەمە هەندێکیانن:
 
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان:
 
زۆر ماندووم، بۆیە قسەکردن لە ئێستاوە لەسەر یاریی هەفتەی داهاتوو زەحمەتە. دەبێت شیکاری بۆ ئەم یارییە بکەین. بێگومان چەند لایەنێک هەن کە دەتوانین باشتریان بکەین. کاتێک رووبەڕووی تیپێک دەبیتەوە کە خاوەنی ئەم کوالێتییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەیە، کارەکە زۆر قورس دەبێت. پێموایە زۆر باش بەرگریمان کرد و ئاستی بەرگریمان باشتر کرد، بەڵام چوار گۆڵمان لێ تۆمارکرا. ئەمە زۆر جیاوازە لە دۆخی ئاسایی ئەو یارییانەی کە ئەنجامیان دەدەین. دەبێت شیکاری بۆ ئەم یارییە بکەین، پشوو بدەین و خۆمان بونیات بنێینەوە. سەرەتا دەبێت بیر لە یاریی داهاتووی لیگ وەن بکەینەوە و دواتر دەبینین چی دەبێت، بەڵام پێموایە یاریی گەڕانەوەش هاوشێوەی یاریی ئەمشەو دەبێت.
 
یارییەکەمان بردەوە، بێگومان دڵخۆشین، زۆر دڵخۆشین. بەڵام کاتێک ئەنجامەکە پێنچ بە دوو بوو، پێتوایە دەتوانیت ئەنجامێکی باشترت هەبێت. بەبڕوای من ئێمە شایستەی بردنەوەی ئەم یارییە بووین، بەڵام هەروەها شایستەی یەکسانبوونیش بووین و تەنانەت شایستەی دۆڕاندنیش بووین.
 
پێنج خولەک لەمەوبەر هەمان پرسیارم لە ستافەکەم کرد؛ پێتوایە پێویستمان بە چەند گۆڵ بوو بۆ بردنەوەی ئەم یارییە؟ لانیکەم سێ گۆڵ، ئەوە بڕوای ئێمەیە. دوای هەفتەیەکی دیکە دەچینە میونشن. ئەو یاریگایەمان خۆش دەوێت، یاریگایەکە کە یادگاریی گەورەمان تێیدا هەیە. ئێمە یەکەم چامپیۆنزلیگمان لە میونشن بردەوە. بۆیە  لەوێ وەک ئەوەی لەماڵی خۆمان بین یاری دەکەین. بێگومان بایرن میونشن لە یاریگای خۆیان و لەگەڵ هاندەرانیان بەهێزترن، بەڵام بۆ ئێمە یاریکردن لەوێ کارێکی نایابە. هەوڵ دەدەین هەمان عەقڵیەت نیشان بدەین. ئامانجمان ئەوەیە ئەگەر بتوانین ئاستمان باشتر بکەین، و هەوڵ دەدەین یارییەکە ببەینەوە. 
 
ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری یانەی بایرن میونشن:
 
پێموایە ئەمە ئاست و کوالێتی قۆناخی پێشکۆتایی  چامپیۆنزلیگە. ئەمانە ئەو یاریزانانەن کە ئاستی یارییکردنیان بەپێی سەختی رکابەرەکەیان بەرز دەکەنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان، یاریزانانێک بوون کە نەدەترسان لە بڕینی یاریزانان ، نەدەترسان لەوەی هەندێکجار تۆپەکەش لەدەستبدەن؛ یاریزانانێکن کە هەمیشە بەردەوام  بۆ تیپەکەیان تێدەکۆشن. بێگومان ئەوەی مایکل ئۆلیسێ دەیکات سەرنجڕاکێشە، بەڵام پێموایە هەموومان هێشتا لەو دۆخەدا نین کە دەستخۆشی لە یەکدی بکەین،  ئێمە سەرەتا ئامانجێکمان هەیە کە دەبێت بیپێکین، ئەویش گەیشتنە بە یاریی کۆتایی.
 
پێموانییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمڕۆ روویدا، تەنیا ئەو پێنج گۆڵە شایەنی باسکردن بن کە لێمان تۆمارکران. دەرفەتی زۆرمان هەبوو؛ کە نەمانکردن بە گۆڵ. دەبێت لە یاریگای خۆماندا هەوڵ بدەین سوود لەوە وەربگرین. دواتریش دەبێت هەوڵ بدەین دڵنیابینەوە کە هیچ شتێک بە رکابەرەکەمان نەدەین. بەهەر حاڵ ئەو گۆڵەی بە پێناڵتی کردیان دەتوانین هەژماری نەکەین، مەبەستم ئەوەیە، دەزانم یاساکانی بەردەستکەوتنی تۆپ هەموو ساڵێک دەگۆڕێن، بەڵام تۆپێک لەو مەودایەوە لێبدرێت، سەرەتا بەر جەستە بکەوێت و دواتر بەر دەست، ئینجا لێدانی سزای لەسەر هەژمار بکرێت؛ من لەگەڵ ئەوەدا نیم. 
 
پێموایە بەبەختم کە یارییەکەی ئەمڕۆ یاریی کۆتایی نەبوو، چونکە ئەگەر وا بووایە، ئەو یارییە کۆتاییە پڕ لە شکۆیەمان دەدۆڕاندن، بەڵام یاریی کۆتایی هەفتەی داهاتووە، مەبەستم یاریی گەڕانەوەی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەیە. من چاوەڕێی هەمان شت دەکەم. هیوادارم هیچ گۆڵێکمان لێ تۆمار نەکرێت. هەندێکجار دەکرێت یارییەکە هەمان شێوەی هەبێت، بەڵام گۆڵی کەمتری تێدا بێت. 
 
ڤیتینیا، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان:
 
من تەمەنم زۆر گەورە نییە، بەڵام ئەزموونێکی زۆرم هەیە و راستییەکەی تاوەکو ئێستا ئەمە باشترین یارییە کە بەشداریم تێدا کردبێت، سەرنجڕاکێش بوو. کاتێک یاری دەکەیت هەندێک درک بەوە دەکەیت، بەڵام لە کۆتاییدا کاتێک کەمێک دادەنیشیت و بیر لە ئەنجامەکەی دەکەیتەوە ئینجا دەڵێیت چوار گۆڵ زۆرە، بەڵام یارییەکی زۆر زۆر گەورەی تۆپی پێ بوو، ئەوان تیپێکی ناوازەن. دەزانم من چۆن بیردەکەمەوە، بەڵام دڵنیام ئەوانیش هەمان شت دەربارەی ئێمە دەڵێن. جێگەی خۆشحاڵییە لە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا یاری بکەیت، بەتایبەتی لەم ئاستە بەرزەدا. خۆشبەختانە کەمێک لەپێشین، بەڵام وەک ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان، ئەمە هیچ مانایەکی نییە، ئێمە بەهەمانشێوەی یاریکردنمان بەرامبەر چێڵسی و لیڤەرپوول دەچینە ئەوێ؛ تەنانەت ئەگەر هەندێک لەپێشیش بین، ئێمە دەچینە ئەوێ بۆ ئەوەی بە رۆحێکی بەرز و بیرۆکەیەکی باشەوە یاری بکەین تاوەکو ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنین و بگەینە یاریی کۆتایی.
 
لوکاس هێرناندێز، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان: 
 
پێموایە هەموو ئەو هاندەرانەی ئەمڕۆ هاتبوونە یاریگا، بەڕاستی چێژیان لە کاتەکانیان بینی. یارییەکی ناوازە بوو، پڕبوو لە ململانێی چڕ و دەرفەتی زۆر. هەردوو تیپەکە تا راددەیەک بەهەمان شێواز یارییان کرد؛ دوو تیپی زۆر هێرشبەر، بەڵام لە کۆتاییدا توانیمان بردنەوەکە بەدەستبهێنین. دەزانین یاریکردن لەوێش  هەمان ئەو ئاڵۆزییە یان تەنانەت زیاتریشی دەبێت بەراورد بە یارییەکەی ئەمڕۆ. پێویستە لەڕووی جەستەییەوە ئامادەبین و ئەرکی سەرشانی خۆمانە هەموو توانایەکمان بەکاربهێنین بۆ ئەوەی سەرکەوین.
 
ئێمە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سێ گۆڵمان تۆمارکرد، ئەوانیش هەمان ئەو کوالێتییەی ئێمەیان هەیە، یارییەکی بێوێنە بوو لە سەرەتاوە تا کۆتایی. ئەوان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو یارییەکە. ئێستا ئەرکی ئێمەیە بەباشی پشوو بدەین و خۆمان بونیات بنێینەوە، بۆ ئەوەی بگەینە یاریی کۆتایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە