رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد لە دێربیی مانچێستەردا جنێویان بە دایکی فیل فۆدن دا، میدیاکانی بەریتانیا سەرنجیان خستەوە سەر ئەو خانمە و بەبیری خەڵکییان هێنایەوە کە دایکی یاریزانەکەی مانچێستەر سیتی پێشتر چەندین شەڕ و سەرپێچی کردووە و تەنانەت لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیریش کراوە.
فیل فۆدن، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی، دوای ئەوەی لە خولەکی 58ـی یاریی دێربیی مانچێستەر لە ئۆڵدترافۆرد گۆڕانکاری پێکرا، لەلایەن هاندەرانی مانچێستەر یونایتدەوە جنێو و قسەی ناشیرین بە کلێر رۆلاندزی دایکی دران.
پێپ گواردیۆلای راهێنەری فۆدین، دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا تووڕەبوونی خۆی نەشاردەوە و گوتی "لەوە تێناگەم ئەوانەی دایکی فیل دێننە ناو ئەم بابەتە چۆن بیردەکەنەوە، ئەمە کردەوەیەکی ناشیرین و ناشارستانییە، پێویستە شەرم لەخۆیان بکەن".
فۆدنی تەمەن 24 ساڵ دوای یارییەکە تەنیا بە دوو وشە وەڵامی دایەوە و گوتی "بەردەوام دەبین"، لە وەڵامێکی کلاسیکیدا بۆ ئەو دروشمانەی کە بە "قێزەون و قبوڵنەکراو" وەسفکراون.
فۆدن بەشێوەیەکی پیشەگەرانە دروشمەکانی پشتگوێ خست، کە پێدەچێت لە دەرەوەی یاریگەش تووشی ئەو هەڵوێستانە بووبێت، بەو پێیەی دایکی زۆرجار بەهەڵسوکەوتی نابەجێ و کێشەی یاسایی مشتومڕهێنەر بووە.

کێشەکانی پێشووی دایکی فۆدن
لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، کلێر دراوسێکانی لە شاری پرێستبێری تووڕە کرد بە هەڵدانی یارییە ئاگرینەکان بۆ ماوەی دوو کاژێر لە باخچەی ڤێلا گەورەکەیدا، کە نرخەکەی 3.5 ملیۆن پاوەندە و فیل بەدیاری بۆی کڕیوە.
نمایشەکەی دایکی فۆدین بێزارییەکی زۆری بۆ منداڵان و ئاژەڵان دروستکرد، بەتایبەتی کە دانیشتووان هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەیان پێنەگەیشتبوو.
یەکێک لە دانیشتووانی شارەکە ئەوکات بە دەیلی مەیلی گوت "ئاهەنگەکانی ئەم خانووە هەمیشە دەنگیان بەرزە، بەڵام ئەمجارە زۆر بێزارکەربوو".
یەکێکی دیکەش گوتی "دەنگەکان بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزبوون و بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون، یارییە ئاگرینە گەورەکان بوون نەک تەنیا یارییە ئاگرینەکانی باخچە".
لە کڵاوی پیاوێک دەدات
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2023 کلێر لە دۆخێکی شەرمەزارکەردا بوو، دوای ئەوەی بۆکسێکی کێشا بە کڵاوی پیاوێک کە لەبەردەمیدا وەستابوو، رووداوەکە کۆتاییهات بەدەستگیرکردنی خانمەکە بەتۆمەتی دەستدرێژیکردن و شەوێکی لە زیندان بەسەربرد.
لە دادگادا کلێر گوتی "تەنیا سەرخۆش بووم، کاتێکی خۆشم بەسەردەبرد، پێشتر هەمان شتم لەگەڵ کوڕێکی دیکەدا کردووە، ئەوە تەنیا گاڵتە بوو".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە دۆخێکی خۆشدا بووم و پێموابوو ئەوە تەنیا گاڵتەیەکی ئاساییە، باوەڕم نەدەکرد تووشی کێشەبم تەنیا لەبەرئەوەی لە کڵاوی کەسێکم داوە".
دواتر دانی بەوەداناوە کە هەڵسوکەوتی خراپی لەگەڵ پۆلیسدا کردووە و دوای ئەوەی بەتۆمەتی سەرخۆشبوون و هێنانەوەی ئاژاوە دەستگیرکرا و 100 پاوەندیان پێبژارد.

شەڕ لە یارییەکی بۆکسێندا
لە مانگی شوباتی 2022 یانەی مانچێستەر سیتی ناچاربوو بڵاوکراوەیەک دەربکات، دوای ئەوەی لەو ناوچەیەی فیل فۆدن لە کاتی یاریی بۆکسێنی ئەمیرخان و کیل بروک دانیشتبوو، شەڕ و پێکدادانێک روویدا.
لە رووداوەکەدا فۆدن چووە شوێنێکی تایبەت بۆ ئەوەی سەیری شەڕەکە بکات، پێش ئەوەی ژنێک کە یاوەری بوو رووبەڕووی کۆمەڵێک پیاو ببێتەوە کە لەدەرەوەی ژوورەکە وەستابوون و لێیانی پرسی کێ بوو وشەی ناشرینی بە فۆدن گوت؟.
پاشان دایکی فیل دەستوەردانی کرد و پاڵی بەیەکێک لە پیاوەکانەوە نا، پێش ئەوەی لە کاتی شەڕەکەدا بۆکسێکی لێیبدرێت.
یانەکە لە بڵاوکراوەکەیدا رایگەیاند، ئاگاداری گرتەیەکی ڤیدیۆیین کە بڵاوبووەتەوە و تێیدا فیل فۆدن و خێزانەکەی هەراسان دەکرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر.
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە تووشی شۆک بووین بەهۆی ئەو بێڕێزییە و بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی فیل و خێزانەکەی بەهەر شتێک کە پێویستیان پێیبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ