سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا دەڵێ، دەزانم کێ راهێنەری داهاتووی فەرەنسایە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 دیدێ دیشام هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، دانیبەوەداناوە کە ناوی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەزانێت و دەزانێ کێ دەچێتە شوێنی دیدێ دیشام.
 
دیدێ دیشام لە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026 کە هاوینی ئەمساڵ، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن، دەستلەمەشقدانی هەڵبژاردەکە هەڵدەگرێت.
 
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، زینەدین زیدان ئەو کەسە دەبێت کە شوێنی دیشام لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە دەگرێتەوە. بەڵام سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، دەڵێ لە دوای مۆندیال دەتانبینمەوە.
 
دیالۆ قسەی بۆ رۆژنامەی 'لوفیگارۆ'ی فەرەنسی کردووە، لێیان پرسیوە، ناوی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەزانیت؟ ئەو دەڵێ، "بەڵێ دەزانم کێیە". بەڵام ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە.
 
سەرچاوەکان ئەمڕۆ گوتوویانە، زیدان لەچەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی تۆپی پێی فەرەنسا کۆبووەتەوە و رێکەوتنی زارەکی لەسەر ئەرکە نوێیەکەی کردووە.
 
رۆژنامەنووسەکەی 'لوفیگارۆ' جارێکی دیکە لە دیالۆی پرسیوە، ئایا زیدان نزیکترینە بۆ شوێنگرتنەوەی دیشام کە لە 2012ەوە راهێنەری هەڵبژاردەکەیە؟ ئەو بەپێکەنینەوە خۆی دزیوەتەوە و دەڵێ، "بانگهێشتتان دەکەم بۆ ئەوەی لە دوای مۆندیال یەکدی ببینینەوە".
 
ئەو دووپاتیکردووەتەوە دوای مۆندیال، ناوی راهێنەری داهاتوو ئاشکرا دەکات.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنە فەرەنسییەکە ئاشکرایکردووە، سیڤی کەمتر لە پێنج کەسی فەرەنسی بەدەستگەیشتووە کە ویستویانە ببنە راهێنەری هەڵبژاردەکە، بەڵام ئەو رووخساری راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکەی دەستنیشانکراوە، کە سەرپەرشتی، "یەکێک لە گەورەترین هەڵبژاردەکانی جیهان دەکات".
 
ئەو گوتوویەتی، بەربژێری هەڵبژاردەکە، دەبوو چەندین تایبەتمەندیی تێدابێت، هەروەها فەرەنسییەکان قبووڵی بکەن، لەبەرئەوەی ئەوە هەڵبژاردەی ئەوانە.
 
دیالۆ زیاتر دەڵێ، راهێنەری داهاتوو، دەبێ پەیوەندی لەگەڵ فەرەنسییەکان دروست بکات، دیدێ دیشام لەماوەی راهێنەرایەتییەکەی کە 14 ساڵی خایاند، لەوەدا زۆر سەرکەوتووبوو، دەبێ شوێنگرەوەکەی هەمان کار دووبارە بکاتەوە.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەسەرپەرشتی دیشام، بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی رۆژی 26ی مانگ بەرامبەر بەرازیل و 29ی مانگ بەرامبەر کۆڵۆمبیا دوو یاریی دۆستانەی ئامادەسازیی ئەنجام بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە