رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی چاوەڕواننەکراو و مێژووییدا دەرکەوت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گوشار و دەنگۆیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا دەوروبەری یانەکەیان گرتبوو. بەپێی میدیاکانی وەک 'مارکا' و ' ئەی ئێس'، ئەم کۆنگرەیە بە یەکێک لە تووندترین دەرکەوتنەکانی پێرێز لە مێژووی سەرۆکایەتیدا دادەنرێت، کە تێیدا پەردەی لەسەر چەندین راستی لادا و هێرشی تووندی کردە سەر نەیارانی یانە مەدریدییەکە.
لە دەستپێکی قسەکانیدا، پێرێز بە تووندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسیان لە تێکچوونی باری تەندروستی و دەستلەکارکێشانەوەی دەکرد و رایگەیاند، کە ئەو هێشتا سەرۆکە و تەندروستییەکی زۆر باشی هەیە، تەنانەت بە گاڵتەجاڕییەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن شێرپەنجەی هەیە تەنیا خەیاڵی
نەیارەکانین و ئەگەر شتی وا هەبوایە ئێستا لە نەخۆشخانە دەبوو نەک لە ئۆفیسەکەی.
سەرۆکی یانەی شاهانە راشکاوانە گوتی "من هیچم لە ریال مەدرید ناوێت، نە پارە و نە ناوبانگ، تەنیا ئامانجم پاراستنی مافەکانی ئەم قەوارە گەورەیەیە."
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، پێرێز دۆسیەی نێگریرا و گەندەڵییەکانی ناوبژیوانیی هەڵدایەوە و ئاشکرای کرد کە یانەکەی دۆسیەیەکی ورد دەداتە یوفا بۆ ئەوەی رێگری لەو ستەمە بکەن کە لە ریال مەدرید دەکرێت. ئەو بە تووڕەییەوە گوتی: ئەم وەرزە لە لالیگا 18 خاڵیان لێ دزیوین، من لە کاروانی خۆمدا 7 نازناوی لالیگام بردووەتەوە، بەڵام لە راستیدا دەبوو 14 نازناو بێت، چونکە 7 نازناوی دیکەیان بە ئاشکرا لێ دزیوم.
سەبارەت بە داهاتووی یانەکە و پۆستی سەرۆکایەتی، فلۆرێنتینۆ پێرێز هەمووانی سەرسام کرد کاتێک رایگەیاند کە بڕیاریداوە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە ئەنجام بدرێت. ئەو داوای لە هەر کەسێک کرد کە توانای هەیە با بێتە پێشەوە و خۆی بەربژێر بکات، هاوکات رایگەیاند کە خۆیشی جارێکی دیکە خۆی بەربژێر دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لەو هەڵمەتە بکات کە دژی یانەکە دەستیپێکردووە. پێرێز جەختی کردەوە کە هەرگیز لە بەرگریکردن لە ریال مەدرید ماندوو نابێت و مێژووی یانەکەش کە لە سەردەمی ئەودا 66 نازناوی لە تۆپی پێ و باسکەدا بەدەستهێناوە، باشترین وەڵامە بۆ رەخنەگرانی.
سەرۆکی ریال مەدرید لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی روونی ئاڕاستەی هەموو لایەک کرد و دووپاتی کردەوە کە یانەکە لە ناوەوە تۆکمەیە. ئەو بە ئاماژەدان بە کێشەکەی نێوان ڤاڵڤێردی و چوامینی، رایگەیاند کە ئەوە تەنیا شەڕێکی گەنجانەی ئاسایی بووە و ئەوەی زیاتر نیگەرانی کردووە دزەپێکردنی هەواڵەکە بووە بۆ میدیاکان نەک خودی رووداوەکە.
پێرێز بەم هەڵوێستە تووندانەی پێشانیدا کە ریال مەدرید لە قۆناخێکی نوێی رووبەڕووبوونەوەدایە و ئامادە نییە بێدەنگ بێت لە ئاست ئەو کەمپەینە میدیایی
و وەرزشییانەی کە بە گوتەی ئەو، ئامانجیان لاوازکردنی پێگەی یانەی شاهانەیە لە ئیسپانیا و ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ