رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە ئامەد سەردانی یانەی ئامەدسپۆریان کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنیان بۆ سوپەرلیگ لە بەڕێوەبەرایەتیی ئامەدسپۆر و هاندەرانی دەکات و بەفەرمی یانەکە بۆ ئەنجامدانی یاریی دۆستانە لە کوردستان بانگهێشکرا.
پارێزگارانی هەولێر و دهۆک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێک لە شاری ئامەدن لە باکووری کوردستان.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ ئامەد، هەردوو پارێزگار سەردانی یانەی ئامەدسپۆریان کرد و پیرۆزباییان لە یانەکە کرد، بەبۆنەی گەیشتنیان بە سوپەرلیگ.
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک وێڕای پیرۆزباییکردنی لە یانەکە گوتی "کاتێک هێرشدەکرایە سەر ئامەدسپۆر ئێمە لە باشوور بۆی دڵتەنگ بووین و ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی هاوبەش بین لە سەرکەوتنەکەتاندا و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنەتان لێدەکەین".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو کۆبوونەوەیەدا پیرۆزبایی لە یانەی ئامەدسپۆر کرد و دەستکەوتەکەیان بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگ بەرز نرخاند.
پارێزگاری هەولێر بەفەرمی یانەی ئامەدسپۆری بانگهێشتکرد بۆ باشووری کوردستان، بۆ ئەوەی چەند یارییەکی دۆستانە لەگەڵ یانە کوردستانییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەن و پێشنیازیشی کرد، یانەکانی کوردستان سەردانی ئامەد بکەن بۆ کەمپی مەشق و راهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە.
لەلایەن خۆیەوە ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر بەخێرهاتنی هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆکی کرد بۆ ئامەد و گوتی "زۆر سوپاس بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکەی باشوور لە یانەی ئامەدسپۆر، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵمان بوون، بۆیەش لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سوپاسی بەرپرسان و هەموو ئەوانە بکەین کە پاڵپشتی یانەکەیان کردووە سەردانی باشوور دەکەینەوە".
سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لەبارەی هاتنیان بۆ باشووری کوردستان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە گوتی "ئەو کاتەی کە هاتین بۆ باشووری کوردستان، بەڵێنی ئەوەمان داوە کە رۆژێک لە رۆژان یاریی دۆستانە لەگەڵ یانە کوردستانییەکان ئەنجامبدەین".
یانەی ئامەدسپۆر ئەم وەرزە لە خولی پلە یەکی تورکیا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و بەفەرمی گەیشتە سوپەرلیگ، سەرکەوتنی یانەکە بۆ بەرزترین ئاستی تۆپی پێی تورکیا، کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەمووان پیرۆزباییان لە یانەکە کرد.
دوای سەرکەوتنی یانەکە بۆ سوپەرلیگ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە یانەی ئامەدسپۆر کرد و لە پەیامێکدا گوتی "بە گەرمی و لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی ئامەدسپۆر دەکەم بۆ سەرکەوتنی بۆ خولی سوپەری تورکیا. ئەم سەرکەوتنه لە هەموو پشتیوانان و هەوادارانی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت. ئێمە بەم سەرکەوتنەی ئامەدسپۆر زۆر دڵخۆش بووین، هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوو بێت و باشترین نوێنەرایەتیی ئامەد بکات. هەر بژین، هەر هەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ