کلاسیکۆی سعودی.. رۆناڵدۆ لە بەردەم هەلێکی مێژووییدایە و رکابەرەکەی بنزیمایە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەسڕ هیلال خولی سعودی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کلاسیکۆی سعودیە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی کاروانی یارییکردنی ئەنجامدەدات، کاتێک رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی سعودی دەکەن.
 
دوو گەڕ پێشکۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی سعودی، یانەی نەسڕ کاژێر 21:00 لە یاریگای خۆی میوانداریی یانەی هیلال دەکات، بردنەوەی یارییەکە بۆ هەردوو یانە مانای نزیکبوونەیە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی سعودی.
 
یانەی نەسر پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 82 خاڵ، یانەی هیلال خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندە بە کۆکردنەوەی 77 خاڵ، بەڵام هیلال یارییەکی کەمتری ئەنجامداوە.
 
ئەم یارییە بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆر گرنگ و تایبەتە، چونکە لەو کاتەی پەیوەندیی بە نەسڕەوە کردووە نەیتوانیووە نازناوی خولەکە بباتەوە، بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو ئەو لە گەیشتن بە نازناوێکی دیکەی خول نزیکتر دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە لەسەر ئاستی سعودیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەی خولی سعودیدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، یاریزانەکە تاوەکو ئێستا 28 یاریی ئەنجامداوە، 2440 خولەک یارییکردووە و خاوەنی 26 گۆڵە.
 
دۆن لەم یارییەدا بەدوای سێ خاڵ و زیادکردنی ژمارەی گۆڵەکانیدا دەگەڕێت هەم بۆ ئەوەی یانەکەی لە بردنەوەی نازناوی خولی سعودی نزیکبکاتەوە، هەمیش بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە هەزار گۆڵ نزیک ببێتەوە، لەکاتێکدا ئێستا ئەستێرە پۆرتوگالییەکە خاوەنی 971 گۆڵە.
 
ئەوەی بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی دەکات، کەریم بنزیمایە، هاوڕێی پێشووی دۆن لە ریال مەدرید و رکابەری سەرەکی ئێستای ئەستێرەکەی مادێرا لە خولی سعودی.
 
بنزیما دوای ئەوەی کاروانەکەی لە ئیتیحادەوە بردە هیلال، لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبوو، ئەو لەم وەرزەدا لە 23 یارییدا 1838 خولەک یارییکردووە و خاوەنی 17 گۆڵە.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە دەیەوێت ئەمشەو سەرکردایەتیی هیلال بکات، بۆ ئەوەی رێگەی گەیشتن بە نازناوی خولەکە بۆ کریستیانۆ و نەسڕ ئاڵۆز بکات و هیواکانی یانەکەی بۆ بردنەوەی نازناوەکە بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
 
کریسیتانۆ رۆناڵدۆ لە کاروانی یارییکردنیدا بەرامبەر یانەی هیلال 9 یاریی ئەنجامداوە، بەڵام تەنیا 1 سەرکەوتنی هەیە، 2 جار دۆڕاوە و 6 جار یەکسانبوون. ئەستێرە پۆرگالییەکە 4 گۆڵ و ئەسیستێکی بەرامبەر تیپەکەی ریاز تۆمارکردووە.
 
چاوەکان هەمووان لەسەر یاریگای ئەول پارک دەبن، بۆ ئەوەی وەڵامی یەک پرسیار وەربگرن، رۆناڵدۆ ئەم وەرزە دەتوانێت سەرکردایەتیی نەسڕ بکات بۆ بردنەوەی نازناوی خولی سعودی، یان گەیشتن بە نازناوەکە هەر بە خەون دەمێنێتەوە؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە