رووداو دیجیتاڵ
ئەوانەی دێنە ئێرە هەمووان، رەنگی بارسێلۆنایان پۆشیووە، پاسەکە گەیشت، جامی لالیگا و سوپەری ئیسپانیای لەسەر دانراوە و بلاوگرانا ئاهەنگێکی گەورە دەگێڕێت.
فلیک نەچووەتە پرسەی باوکی و لە ئاهەنگی بردنەوەی لالیگادا بەشدارە، لیڤاندۆڤسکی سەما دەکات و بیرکردنەوەی لای ئەوە نییە وەرزی داهاتوو لێرە دەبێت یان نا.
لامین وەکو هەمیشە بەشێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت و چیزنی سەرقاڵی خۆوە هەمیشەیەکەیەتی.
هاندەرانی بارسێلۆنا هاوار دەکەن و دەنگی میوزیک و ئاهەنگ بەرزە.
کاسادۆ بە یادی منداڵی ئاو لە هاندەران دەڕشێنێت، فێرمین بەشێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت و هاندەرانیش ساتە جوانەکانی یانەکەیان ریکۆرد دەکەن.
پاو کاستیۆ، هاندەری بارسێلۆنایە و دەڵێت: سەرەتا، تیپەکە زۆر باش دەستی پێ نەکرد و گۆمان هەبوو، بەڵام تیپەکە بەردەوام بوو لە تێکۆشان. هێشتا خولی یانە پاڵەوانەکانمان نەبردووەتەوە، بەڵام پێموایە پێکهاتەکە ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە و وا لێرەین بۆ ئاهەنگگێڕان بۆ بردنەوەی ئەم دوو نازناوە.
هوگۆ تێژادا، هاندەری بارسێلۆنایە ئەویش قسەیکردووە و دەڵێت "دوو ساڵ پێش ئێستا، دۆخەکە زۆر تاریک و بێهیواکەر دیار بوو. ئەو شکستەی 8-2ـم لەبیرە، ئەو کاتە چەندە دۆخەکە خراپ دیار بوو. هەروەها ئەو شکستەی لیڤەرپوولیشم لەبیرە. چاوەڕێم نەدەکرد بەم شێوەیە باش بین؛ بارودۆخەکە زۆر باشتر بووە."
پاسەکە لە رۆیشتن بەردەوامە، سەماکردن زیاتر دەبێت و ئاهەنگەکەش گەورەتر دەبێت، هاوارکردن بۆ بردنەوەی لالیگا شوێنەکەی بەتەواوی تەنیووە.
بارسێلۆنا بۆ جاری دووەم لەسەریەک و 29ـەم لە مێژوویدا نازناوی لالیگای بردەوە، بەڵام رەنگە هیچ نازناوێکی هێندەی ئەمە سەرنجڕاکێش نەبووبێت، بەتایبەت بەبردنەوە لە ریال مەدرید نازناوەکەی مسۆگەرکرد و بووە پاڵەوان.
لە ئاهەنگی ئەمجارەی بلاوگرانادا 750 هاندەر بەشداربوون، پێشتر هەرگیز ئەم ژمارە زۆرە بەشدارییان لە خۆشییەکانی ئەو یانەیەدا نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ