رووداو - هەولێر
کیکێ سێتین، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دوایین پێشهاتی لەبارەی بەشداریکردنی لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی یانەکەی بۆ یاریی بەرامبەر ریال مایۆرکا لە گەڕی 28ـی لالیگا ئاشکراکرد.
سێتین لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، مێسی تاکە یاریزان نییە راهێنانی نەکردووە و کەمێک نارەحەتە، ئەمە بۆ زۆریان روویداوە، بەڵام شتێکی ئاساییە و کۆنتڕۆڵی دەکەین.
راهێنەری بارسا زیاتر گوتی، ئەو زۆر باش ئامادەیە و هیچ کێشەیەکی نییە.
لەبارەی ئەو خولەکانەی مێسی لە یارییەکەدا تێیدا بەشداری دەکات سێتین گوتی، بارودۆخەکە وەک خۆی ماوە، با بزانین بارودۆخەکە چۆن دەبێت، ژمارەیەک یارییمان لەپێشە و لیستێکی گەورەی یاریزانانمان بەردەست نییە، باشتر ئەوەیە هەمیشە لە یاریگەدا بیبینینەوە.
لەبارەی ئامادەیی لویس سوارێز بۆ یارییەکە راهێنەری بارسێلۆنا گوتی، ئەو زووتر لەو کاتەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد چاکبووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو دەتوانێت یاریی بکات لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە دوورکەوتووەتەوە.
کیکێ دەڵێت، پلانەکانمان زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، هەوڵدەدەین هەندێک شت بەباشترین شێوە بکەین، ئێمە دڵخۆشین و ماوەی وەستانی خولەکە هەلی زیاتری پێداین بۆ ئەوەی باشتر بیربکەینەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەنجامدانی یاریی کلاسیکۆ لە یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ سێتین گوتی، نازانم کاریگەریی ئەمە، لەسەر ئێمە و رکابەرەکەمان چی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ