دێربیی کەتەلۆنیا.. ئەمشەو ئەرکی مێسی و هاوڕێکانی ئاسانە

08-07-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیسپانیۆل یانەی بارسێلۆنا دێربیی کەتەلۆنیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمشەو ئەرکی مێسی و هاوڕێکانی لەسەر کاخەز ئاسانە، کاتێک لە گەڕی 35ـئ لالیگادا و لە یاری دێربیی کەتەلۆنیادا میوانداری ئیسپانیۆل دەکەن.

لە یاری دێربیی کەتەلۆنیادا گرنگ نییە کە بارسا پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە و ئیسپانیۆلیش لە دوایین پلەی ریزبەندیدایە، ئەوە لە چێژ و ململانێی یارییەکە کەم ناکاتەوە، ئەوان بەرامبەر یەکدی بە نەفەس و رۆحێکی جیاواز یاری دەکەن، بارسا هەمیشە دەیەوێت بە بردنەوە ئەو راستییە دووپات بکاتەوە کە ئیسپانیۆل لە ئاستیدا زۆر بچووکە، ئیسپانیۆلیش کە زۆرجار بارسای لە تامی سەرکەوتنەکان بێبەشکردووە هەمووجارێ هەوڵدەدات بارسا رابگرێت، بۆیە هەموو ئەگەرەکان لە ئارادان، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوە بزانین کە ئیسپانیۆل لە دۆخێکی مەترسیداردایە و ئەگەر بیەوێت لە لالیگادا بمێنێتەوە دەبێ ئەم یارییە و هەرسێ یاری داهاتوویشی بباتەوە.

بارسێلۆنا کە 4 خاڵ کەوتووەتە دوای ریال مەدریدی پێشەنگ، بێجگە لە بردنەوە بیر لە هیچ ئەگەرێکی دیکە ناکاتەوە، یارییەکەش لەنێو کامپ نویە و دەکرێت بەشێوەیەکی کاتی جیاوازی نێوان خۆی و ریال مەدرید بۆ تەنیا یەک خاڵ کەمبکاتەوە، بەتایبەتیش لە لە یاری پێشوودا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ ڤیاڕیال پێشکەشکرد، پرسیار ئەوەیە ئایا ئیسپانیۆل دەتوانێت لە دێربی کەتەلۆنیادا سوپرایزێک پێشکەشی هاندەرانی بکات؟ لە کاتێکدا دوایین 5 یاریی لالیگای دۆڕاندووە؟

هەرچۆنێک بێت، لەسەر کاخەز ئەمشەو ئەرکی مێسی و هاوڕێکانی ئاسانە، کە لە راستیدا لە واقیعیشدا هاوکێشەکە هەر بەو شێوەیەیە، چونکە ئیسپانیۆل لە دوایین 10 یارییدا کە لە لالیگادا لەسەر کامپ نو بەرامبەر بارسا کردوویەتی، نەک هەر هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، بەڵکو هیچ یەکسانبوونیشی نەبووە، زێدەباری ئەوەی یاریزانەکانی ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدانیان هەڵکردووە و راشکاوانە دەڵێن مانەوەمان لە لالیگادا مەحاڵە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە