رووداو دیجیتاڵ
سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، بە سەرۆکایەتی محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە کڕینەوەی یانەی نیوکاسل یونایتدی ئینگلیزیی راگەیاند.
سندووقەکە لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیوویەتی " کۆمەڵەی وەبەرهێنانی سندووقەکەمان کارەکانی کڕینەوەی یانەی نیوکاسلی بەرێژی 100% تەواوکرد."
یاسر بن عوسمان ئەلرمیان، پارێزگاری سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە لەو بارەیەوە دەڵێت " زۆر دڵخۆشین بە راگەیاندنی کڕینەوەی یانەی نیوکاسل یونایتد، یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرا."
یاسر زیاتر دەڵێت " بەم بۆنەیەوە سوپاسی هاندەرانی یانەی نیوکاسل دەکەین، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم قەوارە دێرینە، دەمانەوێت بەیەکەوە کاربکەین بۆ بەرژەوەندی یانەکە."
لەلایەن خۆیەوە یانەی نیوکاسل لەسەر لاپەرە فەرمییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رێککەوتنی لەسەر هەموو برگەکانی نێوانیان و فرۆشتنی یانەکە بە سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە راگەیاند.
نیوکاس ستایشی سندووقەکە دەکات وەک یەکێک لە کاریگەرترینەکانی جیهان ناودەبات.
دەستەی بەڕێوەبردنی پرێمەرلیگ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت " پرێمەرلیگ، یانەی نیوکاسل و کۆمپانیای سانت جەیمس، کۆتاییان بەو کێشانە هێنا کە لەبارەی بی سی بی کاپیتال پارتنەرز و ئار بی وەرزشی و راگەیاندن هەبوو لەگەڵ سندووقی وەربەرهێنانی سعودیە."
دەستەکە زیاتر نووسیوویەتی " دوای تەواوبوونی کارەکان یانەکە بەشێوەیەکی فەرمی فرۆشرا."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەستەی پرێمەرلیگ دەڵێت " هیوادارین هەموو لایەک بەم هەنگاوە دڵخۆشبن، ببێتە هۆکاری بەرەوپێشبردنی یانەی نیوکاسل و دڵخۆشکردنی هاندەرانی."
دوای راگەیاندنی کڕینەوەی یانەی نیوکاسل لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعودیەوە، هەزاران هاندەری یانەکە چوونە بەردەم یاریگەی سانت جەیمس پارک و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕا.
سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە یانەی نیوکاسلی لە مایک ئاشلی کڕییەوە کە ماوەی 14 ساڵبوو خاوەنداریەتی یانەکەی دەکرد.
ئالان شیرەر، گۆڵکاری بەنێوبانگی ئینگلتەرا و پێشووی یانەی نیوکاسل لەبارەی کڕینەوەی یانەکە لەلایەن سعودیە و دەڵێت " ئێمە جارێکی دیکە دەتوانین خەون ببینینەوە."
مایکل ئۆێن، ئەستێرەی پێشووی نیوکاسل نووسیوویەتی " ئەمە مژدەیەکی باشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پەیوەندیان بە یانەکەوە هەیە، خاوەندارێتی نوێ بەتەواوی ئەو شتەیە کە یانەکە پێویستی پێیەتی."
یانەی نیوکاسل یەکێک لە کۆنترین یانەکانی ئینگلتەرایە لە 1892-12-9 دامەزراوە و ئێستا تەمەنی 128 ساڵە، یاریگەی یانەکە سانت جەیمس پارکە و جێگەی 52 هەزار و 305 هاندەری تێدا دەبێتەوە.
یانەکە لە مێژووی یارییکردنیدا چوار جار بووەتە پاڵەوانی ئینگلتەرا، بەڵام لە 1927-1926ـەوە نەیتوانیوە نازناوی خولی ناوخۆ بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ