رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان هەواڵێکی چاوەڕواننەکراویان لەبارەی داهاتووی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوول بڵاوکردووەتەوە و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا یاریزانەکە بچێتە خولێکی جیاواز.
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی رۆیشتنی سەڵاح لە یانەی لیڤەرپوول بڵاوکراونەتەوە، بەتایبەت کە لە سەرەتای ئەم وەرزەوە یاریزانەکە نەیتوانیووە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری "Goal Gossip"ـی تورکی، بەرپرسانی یانەی گاڵاتەسەرای تورکی پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری کارەکانی محەممەد سەڵاحەوە کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە.
سەرچاوەکە دەڵێت "محەممەد سەڵاح و بەڕێوەبەرەکەی بیرۆکەکەیان پێگەیشتووە و هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و ئەگەری هەیە لە داهاتوو بەشێوەی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە بکەن."
گفتوگۆی یەکەمی هەردوولا ئەرێنی بووە و یانەکە دەرگای گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ یاریزانەکە بکاتەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
یانەی گاڵاتەسەرای گرنگییەکی زۆر بەتواناکانی یاریزانەکە دەدات و دەیەوێت هەرچی زووە گرێبەستەکە یەکلابکاتەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەسەر ئاستی ئەورووپاش ئەنجامی باشی هەبێت.
محەممەد سەڵاح تەمەنی 33 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول لە هاوینی ساڵی 2027 کۆتاییدێت، یاریزانەکە لە ماوەی رابردوودا قسەی زۆر لەبارەی داهاتووی ئەستێرە میسرییەکەوە کراون و ناوی بە خولی سعودی بەستراوەتەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوی روون نییە کاروانی فیرعەونە میسرییەکە لە دوای رێدز لە کام خول و یانە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ