کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە یەکەم ملیاردێری تۆپی پێ

08-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی بەدەستهێنا و بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا ببێتە ملیاردێر.
 
بەپێی ماڵپەری بلۆمبێرگ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئێستا سامانەکەی دەگاتە 1.4 ملیار دۆلار، بەمەش دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا سامانەکەی ئەم ژمارە پێوانەیە تۆمار بکات و ببێتە ملیاردێر.
 
ئەم دەستکەوتەی رۆناڵدۆ لە دوای ئەوە دێت کە رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێکردەوە و تاوەکو تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە 400 ملیۆن دۆلار وەکو مووچە وەردەگرێت.
 
کریستیانۆ تەمەنی 40 ساڵە، لە کاروانی یارییکردنیدا لە یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد و یوڤێنتوس یارییکردووە و ملیۆنان دۆلاری وەکو مووچە وەرگرتووە، هەر ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە ناوبانگێکی زیاتر بۆ خۆی دروستبکات، براندێکی تایبەت بە خۆی بە ناوی سی ئار 7 دروستبکات کە تایبەتە بە جلوبەرگ، بۆن، خانووبەرە، هۆتێل و سەنتەری پزیشکی.
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە ساڵی 2023 ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد، کاتێک لەنێوان 2002 تاوەکو 2023 کۆی گشتی ئەو مووچەیەی وەریگرتووە گەیشتە 550 ملیۆن یۆرۆ و پێشتر گرێبەستێکی سپۆنسەریشی لەگەڵ کۆمپانیای نایک کردبوو و ساڵانە 18 ملیۆن دۆلاری وەردەگرت، جگە لەوەش گرێبەستێکی دیکەی سپۆنسەریی هەبوو کە 175 ملیۆن دۆلاری ساڵانەی لە رێگەیەوە دەستدەکەوت و دوای ئەوەش کە گرێبەستی یەکەمی لەگەڵ نەسڕ کرد 200 ملیۆن دۆلار مووچەکەی بوو.
 
هەر بەپێی بلۆمبێرگ ئێستا رکابەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لیۆنێل مێسییە و سامانەکەی دەگاتە 600 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا مووچەکەی لە یانەی ئینتەرمەیامی بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ساڵانە 20 ملیۆن دۆلارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە