رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە نیو سەدە، مۆندیال دەگەڕێتەوە مەکسیک و جارێکی دیکە پرسی کاریگەریی بەرزاییەکان لەسەر ئاستی یاریزانان لەو وڵاتە، دەبێتە بابەتی گەرمی نێوەندە وەرزشییەکان. توێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن یاریکردن لە بەرزاییەکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ماسوولکە و توانای هەناسەدانی یاریزانان هەیە و ئەو تیپانەی خۆیان بۆ ئەم دۆخە ئامادە نەکەن باجەکەی دەدەن.
ساڵی 1969، جواو سالدانیا، راهێنەری ئەوکاتی هەڵبژاردەی بەرازیل، هیچ وردەکارییەکی بە هەند وەرنەدەگرت بۆ ئەوەی تیپەکەی بۆ مۆندیالی 1970 ئامادە بکات. کلاودیۆ کۆتینیۆ، راهێنەری جەستەیی تیپەکە، سەردانی تاقیگەکانی ناسای کردبوو و پشکنینی سەربازیی ئەمەریکی بەکاردەهێنا تاوەکو بەرازیل بکاتە بەهێزترین تیپی جیهان لە رووی جەستەییەوە.
بەڵام ئەوە لامارتین داکۆستا بوو، پسپۆڕی ئامادەکاری جەستەیی، پێشنیارێکی کرد نەخشەی بەرازیلی گۆڕی. داکۆستا لە ئۆڵۆمپیادی 1968ـی مەکسیکۆ سیتی، کە 2200 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، کاریگەریی بەرزیی شوێنەکەی لەسەر وەرزشوانان بینیبوو.
ئەم تێبینییە وایکرد بەرازیل کەمپێکی مەشق و راهێنان لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا بکاتەوە و دواتر بۆ ماوەی سێ هەفتە لە ناوچەی گواناخواتۆ، کە 2000 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، مەشق بکەن. کارلۆس ئەلبێرتۆ پێریرا، راهێنەری بەناوبانگی بەرازیل کە ئەوکات راهێنەری توانای جەستەیی بوو، دەڵێت "ئێمە لە هۆتێلیش نەماینەوە، شوێنەکە کێڵگە بوو، بەڵام بۆ ئێمە سوودی هەبوو". ئەم پلانە، کە بە "ئۆپەراسیۆنی مەکسیک" ناسرابوو، یەکێک بوو لە نهێنییەکانی بردنەوەی نازناوەکە لەلایەن پێلێ و هاوڕێکانییەوە.
ئێستا و بۆ مۆندیالی 2026، جارێکی دیکە یارییەکان دەچنەوە هەمان بەرزاییەکانی مەکسیک. چوار یاری لە گوادالاخارا و پێنج یاری لە مەکسیکۆ سیتی بەڕێوەدەچن. ئەمە واتە ئەو تیپانەی لەم شارانە یاری دەکەن، دەبێت وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بدەنەوە؛ بەرزایی چی لە جەستە دەکات؟ کاریگەری لەسەر یاریزان چییە؟
بەپێی توێژینەوەکانی فرانسوا بیلۆ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی لاڤال لە کەنەدا، لە بەرزاییەکاندا پەستانی هەوا کەمترە و ئەمەش واتە بڕی ئۆکسجین کەم دەبێتەوە. کاتێک ئۆکسجین کەمتر دەچێتە ناوخوێن و ماسوولکەکان و جوڵەی ماسوولکەکان کەمتردەبێتەوە، جەستە تووشی دۆخێک دەبێت پێی دەگوترێت "هایپۆکسیا". ئەمە وادەکات ماسوولکەکان زیاتر پشت بە وزەی بێ ئۆکسجین ببەستن و کەشەنگبوونی ماسوولکە روودەدات، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ماسوولکەکان ترشەڵۆک دەربدەن و یاریزان زووتر ماندوو ببێت.
لەم دۆخەدا رەنگە ئاستی یاریزان لە راکردنێکی خێرادا کەم نەبێتەوە، بەڵام ماوەی پشوودان و بوژانەوەی یاریزان دوای هەر راکردنێک زۆر قورس دەبێت. مارکۆ ئێچێڤێری، ئەستێرەی پێشووی بۆلیڤیا کە وڵاتەکەی بە یاریگەی بەرز ناسراوە، دەڵێت "بەرزایی رێگریت لێ ناکات لە راکردن، کێشەکە ئەوەیە کاتێک هەوڵێک دەدەیت، دواتر لەشت خاو دەبێتەوە. دەتوانیت 30 مەتر رابکەیت و تۆپێک بەرزبکەیتەوە، بەڵام گەڕانەوە بۆ دواوە و هەناسەدانت قورس دەبێت و باجی راکردنە خێراکەت دەدەیت".
داتاکان دەریدەخەن لە یاریگەکانی مەکسیکۆ سیتی، کە نزیکەی 2240 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریا بەرزن، رەنگە یارییەکان تۆزێک خاوتر بن. توانای یاریزانان بۆ راکردنی چڕ بە رێژەی 30% دادەبەزێت و لە کاتی حەسانەویان لەنێو یاریگە تواناکان بە رێژەی 50% کەم دەبنەوە.
پسپۆڕان رێنمایی دەدەن کە تیپەکان دەبێت 5 بۆ 7 رۆژ پێش یارییەکان، لە بەرزاییەکان مەشق بکەن بۆ ئەوەی جەستەیان رابێت. ئەو تیپانەی دەیانەوێت تەنیا بۆ ماوەی 24 کاژێر بچنە شوێنەکە و یاری بکەن و بگەڕێنەوە، تووشی کێشەی گەورە دەبن، چونکە جەستە دەستبەجێ کاردانەوەی دەبێت.
بەپێی تیروپشکی مۆندیالی 2026، کە بەشێکی یارییەکانی لە مەکسیک و بەشێکی لە کەنەدا و زۆرینەشە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەکانی مەکسیک، ئەفریقای باشوور، کۆریای باشوور، تونس، ژاپۆن، ئۆرۆگوای، ئیسپانیا، ئوزباکستان و کۆڵۆمبیا، لانیکەم، یارییەک لەسەر خاکی یەکێک لە یاریگەکانی مەکسیک ئەنجامدەدەن.
مەکسیک لە هەرسێ یاریگەی ئیستادیۆ ئازتێکا لە مەکسیکۆ سیتی، ئارکۆن لە گوادالاخارا و بی بی ڤی ئەی لە مۆنتێری، میوانداریی بەشێک لە یارییەکانی مۆندیالەکە دەکات.
بۆ مۆندیالی 2026، تیپەکان پێویستیان بە ستراتیژی ورد هەیە؛ لە بەکارهێنانی چادری تایبەت بۆ خەوتن کە لە شوێنە بەرزەکاندا پێویستە، تاوەکو گرنگیدان بە خەو و شێدارکردنەوەی جەستە، چونکە لە بەرزاییەکاندا جەستە خێراتر وشک دەبێتەوە. هەڵبژاردەی مەکسیک سوودمەند دەبێت چونکە یاریزانەکانیان راهاتوون، بەڵام بۆ ئەوانی دیکە، ئامادەکاری پێشوەختە کلیلی سەرکەوتن دەبێت لەم ژینگە سەختەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ