خەریکە خەونی مەکسیکییەکان بۆ بینینی رۆناڵدۆ، لەبار دەچێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ مەکسیک
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی یاریی دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەکانی مەکسیک و پۆرتوگالی هێناوەتە ئاراوە، پاشئەوەی زنجیرەی تووندوتیژی مەکسیکی تەنییەوە و بەپێی میدیاکان، هێشتا بارودۆخی وڵاتەکە ئارام نەبووەتەوە.
 
بڕیاربوو رۆژی 28ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەبەشداریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی مەکسیک ئەنجام بدات، بەرلەوەی هەردوو هەڵبژاردە لە هاوینی ئەمساڵدا بەشداریی لە یارییەکانی مۆندیالدا بکەن.
 
یارییە دۆستانەکە، هاوکات دەبوو لەگەڵ سەرلەنوێکردنەوەی یاریگەی بانۆرتێ، لە مەکسیکۆ سیتیی پایتەخت کە یەکێک دەبێت لەو یاریگایانەی میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو دەکات، پاش نۆژەنکردنەوەی.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە وردیی چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی گەشتی شاندی هەڵبژاردەکە دەکەن بۆ مەکسیک. فیدراسیۆنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، پێش دەرکردنی هەر بڕیارێک، پێویستە بەردەوام بن لە چاودێریکردنی دۆخەکە. 
 
سەرچاوەی دڵەڕاوکێی فیدراسیۆنە پۆرتوگالییەکە، لە ئەنجامدانی یارییەکە دۆستانەکە لە مەکسیک، بۆ ئەو پشێوی و پێکدادانە بەردەوامانە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی بەرچاوی ویلایەتە جیاوازەکانی مەکسیکی گرتەوە، پاش کوژرانی 'ئێل مێنچۆ'ی گەورە بازرگانی هۆشبەر، لە شاری خالیسکۆ لە ویلایەتی گوادالاخارا لە رۆژئاوای مەکسیک، لەلایەن هێزە ئاسایشپارێزەکانی ئەو وڵاتە.
 
لە دوای کوژرانی سەرۆکی کارتێلە بەناوبانگەکەی مەکسیک، لایەنگران و چەکدارانی ئەو گرووپە مافیاییە، هەڵیانکوتایە سەر دامەزراوە بازرگانییەکانی زیاتر لە 20 شاری وڵاتەکە و دەستیانکرد بە سووتاندنی چەندین شوێنی بازرگانی و داخستنی رێگەکان و کوشتنی خەڵک و پۆلیس و ئەندامانی هێزە ئاسایشپارێزەکانی وڵاتەکە.
 
بڕیاربوو یارییە دۆستانەکەی نێوان مەکسیک و پۆرتوگال بەبەشداری کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەنجام بدرێت، بوونی رۆناڵدۆ لە لیستی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ یارییەکە، سەرنجی زۆری بردبووە سەر یارییەکە و هاندەرانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، بەپەرۆشبوون بۆ بینینی رۆناڵدۆ لە یاریگەدا.
 
فیدراسیۆنی پۆرتوگال روونی کردووەتەوە، سەلامەتیی هەمووان و بەتایبەت ئەستێرەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و دەڵێت "پاراستنی گیانی یاریزانان، دەستەی راهێنەران، کارمەندان لە پێشینەی کارەکانمانە". بڕیار بوو پۆرتوگال بە تەواوی ئەستێرەکانییەوە گەشت بۆ مەکسیک بکات، بەڵام ئێستا هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاسایشی ئەو وڵاتە و دوایین پێشهاتەکانی.
 
جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، پشتگیریی خۆی بۆ حکوومەتی مەکسیک دەربڕی و رایگەیاند متمانەی تەواویان بە رێکارە ئاسایشییەکان هەیە. 
 
ئینفانتینۆ گوتویەتی "مەکسیک وڵاتێکی گەورەیە و وڵاتی تۆپی پێیە، وەک هەموو وڵاتێکی دیکەی جیهان کێشەی هەیە. ئێمە لەسەر مانگ یان هەسارەیەکی دیکە ناژین، شتی خراپ روودەدەن، بۆیە حکوومەت و پۆلیس و دەسەڵاتدارانمان هەیە ئاسایش و سەقامگیری دەپارێزن". هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەوان متمانەی تەواویان بە سەرۆکی مەکسیک هەیە و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ دەسەڵاتداران.
 
لەلایەکی دیکەوە، خافیێر ئاگێری، راهێنەری هەڵبژاردەی مەکسیک ئاماژەی بەوە کرد، تیپەکەیان ئارامە و هیوای خواست یارییەکەی پۆرتوگال بێ کێشە ئەنجام بدرێت. 
 
کلاودیا شاینباوم، سەرۆکی مەکسیک پێشتر رایگەیاندبوو، هیچ مەترسییەک لەسەر سەردانیکاران بۆ مەکسیک نییە و دۆخی وڵاتەکە، پاش کوشتنی 'ئێل مێنچۆ' ئارامبووەتەوە، بەڵام سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان دووپاتیدەکەنەوە هێشتا، گرژی و ئاڵۆزی و پێکدادانی نێوان سوپا و هێزە ئاسایشپارێزەکانی ئەو وڵاتە و چەکدارانی کارتێلەکە لە چەندین شار و ناوچەی جیاوازی وڵاتەکە، بەتووندی بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە