لامین وەک هێرشبەری سەرەڕم.. دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ساڵانی زێڕینی مێسی لە بارسا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک لامین یامال لیۆنێل مێسی پێپ گواردیۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین یاریی خۆیدا لە لالیگا، هانزی فلیک، لامین یامالی وەک هێرشبەری چەق بەکارهێنا و پشێوییەکی گەورەی نایەوە.
 
بارسێلۆنا بەئاسانی لە ریال بێتیسی بردەوە، بەڵام یارییەکە تەنیا سێ خاڵ نەبوو، بەڵکو دەرخەری گەشەی لامین یامال بوو، وەک بەهرەمەندێکی گەورەی تۆپی پێ.
 
لە کۆتایی گێمی یەکەمی یارییەکەدا، بارسێلۆنا ئەگەرچی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بوو، بەڵام بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لەپێش بوو. ئەوەش پاشئەوەی فیران تۆرێس هاتریکی تۆمارکرد و روونی بەرداخچیش یەکەم گۆڵی گۆڵی خۆی تۆمارکرد. یارییەکە لە کۆتاییدا 5 - 3 گۆڵ لەبەرژەوەندیی بارسا کۆتایی هات.
 
هەفتەکە بۆ بارسا نایاب بوو، پاشئەوەی 3 - 1 لە ئاتلێتیکۆی بردەوە. نایابتر شکستی ریال مەدرید بوو لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر. شکستێک، بارسای لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا بەجیاوازیی چوار خاڵ، پێش ریال مەدرید خست.
 
هانزی فلیک هەرلەسەرەتاوە بەپێکهاتەیەکی سەیرەوە چووە نێو یارییەکەوە، وروژانی زۆری دروستکرد، سەرنجڕاکێشترین، شوێنی نوێی یارییکردنی لامین یامالی ئەستێرەی 18 ساڵان بوو کە لە یارییەکەدا وەک هێرشبەری ناوەڕاست دەرکەوت، لەبری یارییکردن لە باڵی راست، ئەو شوێنەی کە یاریزانەکە پێشتر تێیدا دەرکەوتووە. 
 
دەرکەوتنی لامین لە ناوەڕاستی هێڵی هێرشبەری تیپەکەی، هەمان رووداوی ساڵانێک بەرلەئێستای بیری هاندەرانی بارسا هێنایەوە، کاتێک لیۆنێل مێسی بەپێی تاکتیکی پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئەوکاتی تیپەکە، لە هەمان شوێندا دەرکەوت و درەوشایەوە.
 
شوێنی یارییکردنی مێسی ئەوکات ناونرا، هێرشبەری شاراوە.
 
بەر لە یارییەکەی بێتیس، بارسا رووبەڕووی کێشە بووەوە لە دەستنیشانکردنی ئەو یاریزانەی وەک هێرشبەری ناوەڕاست و ژمارە 10 دەردەکەوێت. رافینیا بەشداریی مەشقی پێش یارییەکەی نەکردبوو، ئەوەش بەهۆی ئازار لە بەستەرەکانی ئەژنۆی. پێکرانی پێشتری دانی ئۆلمۆ لە شانیدا، وایکردبوو رافینیا پێشینەی یاریکردن لەو شوێنەی هەبێت، بەڵام ئەویش نەیتوانی بەشدار بێت.
 
دەکرا فلیک بیر لە فیرمین لۆپێز بکاتەوە بۆ ئەو شوێنە، بەڵام ئەو یاریزانە تەمەن 21 ساڵانە، تازە لە پێکان گەڕابووەوە و بەتەواوی ئامادەنەبوو بۆ گێڕانی رۆڵەکە. دەبوو فلیک بڕیارێکی خێرا و بوێرانە بدات، بڕیارەکە دەستنیشانکردنی لامین بوو.
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە دوای یارییەکە گوتی، "لەبارەی شوێنی نوێی یارییکردنەوە، قسەم لەگەڵ لامین کردبوو". ئەو زیاتر گوتی، لەگەڵ یاریدەدەرەکانم بیرۆکەکەمان تاوتوێ کرد، دواتر لەخۆیمان پرسی ئایا دەیەوێت وەک پلەی مەیکەری ژمارە 10 یاریی بکات؟ ئەو گوتی بەڵێ، بەبیرۆکەکە سەرسام بوو، تاقیمان کردەوە.
 
چوونی لامین بۆ ناوەڕاستی یاریگە، باڵی راستی تیپەکەی چۆڵکرد و ئەوەش هەلیدایە روونی بەرداخچی بۆ دەرکەوتن لەسەرەتای یارییەکەوە.
 
یاریزانە لاوە سوێدییەکە، خاڵێکی دیکەی درەوشاوەبوو، ئاستی ئەو لاوە بیست ساڵانە ناوازەبوو. رۆڵی لە سێ گۆڵی تیپەکەدا هەبوو، خۆی یەکێکی تۆمارکرد. هاوئاهەنگییەکی ناوازەی لەگەڵ لامین هەبوو.
 
فلیک هەڵوەستەی لەسەرئەوە کرد و گوتی، "چێژم لە هەموو ئەوە وەرگرت کە بینیم. هاوئاهەنگیی نێوان لامین و روونی ناوازە بوو. پلانەکە سەری گرت، لێرە بەدواوە بژاردەیەک تاوەکو دوو بژاردەی دیکەی زیادەمان بۆ یارییکردن و بەکار‌هێنان لە یارییەکاندا هەیە".
 
لامین لە شوێنە نوێیەکەیدا ئەڵماسانە دەرکەوت. 68 خولەک یارییکرد، لە کۆی ماوەی دەرکەوتیندا 79 بەرکەوتنی تۆپی هەبوو کە سێیەم بەرزترینی نێو یارییەکە بوو. بەڵام لە گێمی یەکەمدا، تەنیا یەک پاسیشی هەڵە نەبوو، 28 پاسی دروست، گۆڵی یەکەمی بۆ فیران دروستکرد، جموجوڵی چوارەم لەوەوە دەستیپێکرد و لە کۆتاییدا گۆڵی پێنجەمی لە لێدانی سزاەوە تۆمارکرد.
 
بە یاریی پێکردنی یامال لە ژمارە 10دا، فلیک رێگەیەکی ئاسانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرچاوەی گوشارە بەرزەکانی بێتیس دۆزییەوە.
 
لامین سەرچاوەی مەترسییەکی گەورەبوو، دەستەمۆکردنی مەحاڵ بوو. ئەو یاریزانە 18 ساڵانە، بەردەوام سێ یاریزانی بێتیسی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو.
 
بەجووڵەیەکی جەستە، کۆنترۆڵ و دەرچوونی خێرا بەرەو پێشەوە، لامین یاریزانانی بێتیسی دەبڕی. ئەوە سێرجی ئالتیمێرای ناچارکرد هەڵە بەرامبەری بکات، لەپێناو پەکخستنی هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا، بەڵام کارتی زەردی وەرگرت و مانوێل پێلێگرینی راهێنەر، لە گێمی دووەمدا ئەوی بردە دەرەوەی یاریگە، لە ترسی کارتی دووەم.
 
هاوکاریکردنی لامین، لەلایەن پێدری و گارسیاوە کە رووماڵی بۆشایی ئەویاندەکرد لە حاڵەتی چوونە پێشەوەدا نایاب بوو. بەڵام فلیک باسی خاڵێکی زۆر درەوشاوەی لامینی کرد، بەشدارییەکانی لامین لە بەرگریدا.
 
زۆرینەی کات، یامال جێگەی سەرنج بوو بەهۆی لاوازیی گوشارەکانییەوە، بەتایبەت لەگەڵ درەوشانەوەی بارسێلۆنا لەو لایەنەوە لە سەرەتای وەرزەوە، بەڵام ئەو لە شوێنە نوێیەکەیدا، پەسنی راهێنەرەکەی بەدەستهێنا.
 
فلیک گوتی، "زۆر گرنگ بوو کاتێک یامالم بینی لە بەرگریدا زۆر چالاک بو، لە چەندین شوێندا تۆپی وەرگرتەوە. کارەکە ناوازە بوو، ئەوە ئەو شتەبوو کە هیواداربووم رووبدات".
 
یامال لە بەرامبەر بێتیسدا 7 جار تۆپی وەرگرتەوە. فلیک گوتی، "لامین یاریزانێکی پیشەگەری ناوازەیە".
 
دەکرێ گەڕانەوەی رافینیا، لامین بباتەوە شوێنە دڵخوازەکەی خۆی لە باڵی راستی هێرشبەریدا، بەڵام دەشکرێ بەرامبەر ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی لە چامپیۆنزلیگ، هەمان سیستم بەردەوام بێت.
 
پێشتر لە بارسا بیر لەو گۆڕانکارییە کرابووەوە، بەڵام ئەوەی ئەرکەکەی فلیکی ئاسانکرد، دەرکەوتنی پێشتری لامین بوو لە لاماسیا لە هەمان شوێندا وەک هێرشبەری شاراوە، یان ناوەڕاستکاری هێرشبەری پشت هێرشبەران.
 
لامین بۆ ئەرکە نوێیەکە ئامادەیی تەواوی پێشاندا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی بەهرەی گەورەی ئەو، فلیک، هەمان سیستم و پلانی پێپ لەگەڵ مێسی درێژە پێدەدات یان تەنیا وەک بژاردەیەکی یەدەگ دەیهێڵێتەوە؟
 
مێسی لەو شوێنەدا درەوشایەوە، تەقییەوە و بووە سەرئێشەی گەورە بۆ هەمووان، دەکرێ لامینیش هەمان سیناریۆ دووبارەبکاتەوە، بەڵام بەسەرپەرشتی فلیک و لە سەردەمێکی نوێدا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە