رووداو دیجیتاڵ
لە رکابەرییەکانی خولی قەتەردا و لە یاریی نێوان هەردوو یانەی رەیان و وەکرە، یاریزانێکی یانەی وەکرە تووشی جەڵتە دەبێت و بەو هۆیەوە یارییەکە تەواونەکرا.
لە خولەکی 42ـی یارییەکەدا عوسمان کۆلیبالی، بەرگریکاری یانەی وەکرە دەکەوێتە سەر یاریگە و بەخێرایەکی زۆر تیمی پزیشکی هەردوو یانە خۆیان دەگەیێننە لای یاریزانەکە بۆ ئەوەی لەنێو یاریگەدا چارەسەری سەرەتایی بۆ بکەن و دوای ئەوەش یاریزانەکە راستەوخۆ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
میدیای قەتەر دەڵێت " یاریزانەکە تووشی جەڵتە بووە، بەڵام دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە چارەسەری پێویست بۆ یاریزانەکە کراوە و ئێستا بارودۆخی تەندروستیی باشە.
محەممەد ئەلسلێتی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەکرە دووپاتیدەکاتەوە کە بارودۆخی تەندروستی کۆلیبالی باشە و بڕیاری راگرتنی یارییەکەش بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەو یاریزانە بووە، بەتایبەت کە رووداوەکە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دەروونی یاریزانان دروستکرد.
دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خولی قەتەر لەبارەی ئەو رووداوەوە دەڵێت " کۆلیبالی تووشی جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام بارودۆخی تەندروستی باشە، سوپاس بۆ تیمی پزیشکی و پیاوانی فریاکەوتنی خێرا بۆ ئەو توانایەی کە بۆ پاراستنی سەلامەتی یاریزانەکە پێشانیاندا.
ئەو کاتەی یاریی نێوان هەردوو یانەی وەکرە و رەیان راگیرا، یانەی رەیان بە گۆڵێکی شوجاع خەلیل زادە لە پێش بوو، بەڵام رووداوەکە بووە هۆکاری راگرتنی یارییەکە و تاوەکو کاتێکی دیکە راگیرا.
بەشێکی میدیای قەتەری و عەرەبی، ئەو رووداوەی کە کۆلیبالی تووشی بوو هاوشێوەی رووداوەکەی کریستیان ئێریکسن بوو کە لە یاریی دانیمارک و فینلەندا روویدا، کە بەو هۆیەوە کاردانەوەیەکی جیهانی دروستکرد و تاوەکو ئێستاش یاریزانەکە بەتەواوی نەگەڕاوەتەوە نێو یاریگەکان، هەرچەند کە یاریزانەکە دەستی بە راهێنان کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ