كچە پایسکلسوارانی یانەی برایەتی بەردەوامن لە راهێنان

09-04-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن كچە پایسکلسوارانی یانەی برایەتی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بووە هۆی سڕبوونی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام تیپی پایسکلسواریی كچانی یانەی برایەتی بەردەوامن لە راهێنان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیەکی نێودەوڵەتی لە تورکیا.

یەکێتی پایسکلسواریی نێودەوڵەتی لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ، پاڵەوانێتیەکی نێودەوڵەتی لە شاری ئەلانیا بەڕێوەدەبات و بڕیارە سەدان تیپی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا بەشداری تێدا بکەن.

ئۆرفیۆس جەلال، راهێنەری پایسکلسواریی کچانی یانەی برایەتی، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، گوتی "تیپەکەمان لە شەش کچە یاریزانی ئاستبەرزی کورد و دەرەوە دروستکردووە، شەش مانگە بەشێوەیەکی بەردەوام راهێنان دەکەین، بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی لە تورکیا". 

یانەی برایەتی بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی، گرێبەستی لەگەڵ هەدیر نعمەی كاپتنی هەڵبژاردەی پایسکلسواریی عێراق و سومەیە یەزدانیی کچە پایسکلسواریی هەڵبژاردەی ئێران واژۆکردووە. 

جەلال لەبارەی ئامادەکارییان لە کاتی وەستانی قەدەخەی هاتوچۆ، روونیکردەوە "نەمهێشووە یاریزانەکان دانیشن، لە رێگای ئامێرێکی تایبەت، کە چەرخێکی خولاوەیە رۆژانە کچە یاریزانانمان لە ماڵەکانیاندا راهێنان دەکەن، هەروەها لە رێگەی تەلەفۆن و سۆشیال میدیاوە بەرنامەی راهێنانیان پێدەدەم".

لە 10 ساڵی رابردوودا یانەی نەورۆز پارێزگاری لە نازناوی پاڵەوانێتی پایسکلسواریی کچانی عێراق کردووە، بەڵام ئەمساڵ کچانی یانەی برایەتی رکابەرێکی بەهێزی یانەکەی پایتەختی رۆشنبیرین و دەیانەوێت نازناوەکە وەرگرن.

سەناریا کاوە، کچە یاریزانی برایەتی لەگەڵ بەردەوامی راهێنانەکانی لە ماڵەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە "ورەمان بەرزە و دەمانەوێت پارێزگاری لە ئاستی توانای جەستەیی خۆمان بکەین، هیوای ئێمە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لەو پاڵەوانێتیانەی لە داهاتوودا بەشدارییان تێدا دەکەین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە