رووداو دیجیتال
رۆبێرتۆ باجیۆ، یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی ئیتالیا و جیهان، حەزی لە نێوبانگ و ژیان لە کۆشک و تەلارە گەورەکاندا نییە، ئەو پیاوێکی زۆر بێفیزە و هەرگیز فیز بە نێوبانگ و مێژووەکەی لێنادات، تەنیا دەیەوێت لە لادێکەیان ژیانێکی ساددە و دوور لە قەڵەباڵخی بەسەرببات.
دوای خانەنشینبوون ئەفسانەکانی تۆپی پێ و ئەستێرەکان روو لە مەشق و راهێنان دەکەن، یان کاری دەڵاڵی دەکەن بۆ گواستنەوەی یاریزانان بۆ یانەکان، یاخود پلەی کارگێڕی لەگەڵ یانەکان وەردەگرن، هەندێکیش دەبنە شرۆڤەکاری یارییەکان یان لە بواری میدیایی یان بزنس کاردەکان و سوود لە نێوبانگیان وەردەگرن، بەڵام رۆبێرتۆ باجیۆی ئیتالی هەموو ئەمانەی رەتکردووەتەوە و رێچکەیەکی دیکەی هەڵبژاردووە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ژیانی ساددەی لادێنشینی.
رۆبێرتۆ باجیۆ، تەمەن 54 ساڵ لە ریزبەندی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دێت و لە کۆتایی وەرزی 2003 - 2004 لە ریزەکانی یانەی بریشیای ئیتالیدا وازی لە یاریکردن هێنا، دوای ئەوەی ساڵانێکی پڕ لە داهێنان و بەدەستهێنانی جام و نازناوی لەگەڵ تۆپی پێدا بەسەربرد، ئەوەندە بەسە کە باجیۆ خەڵاتی باڵۆن دۆری 1993ـی بەدەستهێناوە.
باجیۆ پێیباشبوو بگەڕێتەوە زێدی خۆی لە ناوچەی لادێنشینی کالدۆنییەن لە باکووری رۆژهەڵاتی ئیتالیا و دەست بکات بە کاریی کشتوکاڵی، کە بێگومان ئەم بڕیارەی باجیۆ بووەتە هۆی سەرسامبوونی زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێ، بەتایبەتی کە رۆبێرتۆ لە تەمەنی گەنجێتیدا زۆر حەزی لە جوانیی خۆی بوو.

ئەو سامانێکی گەورەی لە پیشەی تۆپی پێی کۆکردەوە و کۆمپانیا گەورەکانی جیهانی و کۆمپانیاکانی نماییش بە پەرۆشن بۆ گرێبەست لەگەڵ کردنی و سوود وەرگرتن لە وێنە و ناوبانگەکەی، بەڵام ئەو ئامادەنییە ژیانی ساددەی خۆی بە هیچ شتێک بگۆڕێتەوە.
باجیۆ کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتالیا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیالی 1994 و بەرامبەر بە بەرازیل دۆڕان، لەبارەی ژیانی خۆی دەڵێت "من لە لادێ دەژیم، دار دەبڕم و چێژ لە کاتەکانم وەردەگرم، سەیری یاری ناکەم، چونکە زۆر بەدەگمەن یاریی خۆش و چێژبەخشن هەن".
ئەو هەروەها دەڵێت "لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە زۆر لە هاوپیشەکانی پێشووم دەبینم کە بە پرۆفیسۆر و شرۆڤەکار وەسفیان دەکەن، بەڵام لەیادمە کە نەک بە قاچەکانیان، بەڵکو بە دەستەکانیشیانەوە نەیاندەتوانی یاری بە 3 یاریزان بکەن".
باجیۆ لە هەڤپەیڤینێکدا کە لە هەفتەنامەی ئێل سینریدی سەر بە رۆژنامەی لا ریپۆبلیکا ئیتالی، ئەنجامیداوە، دەڵێت "زۆر چێژ لە رۆیشتن بۆ کێڵگەکان و کێلانی زەوییەکان و بڕینی و پارچەکردنی دارەکان و سواربوونی تراکتۆر وەردەگرم".
ئەستێرەی پێشووی یانەکانی یوڤێنتوس، میلان و ئینتەرمیلان، باس لەوەش دەکات کە خواردنەکەی لەسەر ئەو دانەوێلە و پاقڵەمەنیانەیە کە لە زەوییەکەی دەیانچێنێت، هەروەها خولیای راوکردنە لە دەشت و دەر و دەڵێت "ئەو ژیانە جۆرێک لە شادی و ئارامی دەروونیم پێدەدات".

باجیۆ هەروەها دەڵێت "گەڕانەوە بۆ باوەشەکانی سروشت و دوورکەوتنەوە لە ژیانی گەورە شارەکان، هەوایەکی پاکی پێبەخشیمە و وایلێکردووم جارێکی دیکە گەنجێتی خۆم بەدەستبێنمەوە".
باشترین یاریزانی جیهان، لە ساڵی 1993، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە پیاوێکی دیندارە و یەکێکە لە پەیڕەوانی ئایینی بۆدا و دەڵێت "بەبەردەوامی کاری دەستی دەکەم و زۆر بەباشی دەخەوم، هەرگیز ئاینەکەشم پشتگوێناخەم کە بۆدیزمە، نوێژەکانم لەدەستنادەم".
باجیۆ دووپاتیدەکاتەوە کە بەتەواوی وازی لە یاریگەکان هێناوە و چیدی گرنگی بە خول و پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێ نادات، تەنانەت گاڵتە بەوانە دەکات کە بەنێوی شرۆڤەکار لەسەر شاشەی تیڤییەکان یارییەکانی تۆپی پێ شیدەکەنەوە.
ئەفسانەی ئیتالیا و جیهان ئۆتۆمبێلێکی زۆر ئاسایی، کە لە جۆری پاندایە لە لادێکەیان لێدەخوڕێت، هەروەها خانوویەکی زۆر ئاسایشی هەیە، کە بەقسەی خۆی لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانیدا خۆشترین ژیان تێدا بەسەردەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ