کریستیانۆ رۆناڵدۆ باسی لامین یامال و بردنەوەی مۆندیال دەکات

09-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە دوای بردنەوەی نازناوی نەیشنسلیگ بە جامی پاڵەوانێتییەکەوە چووە بەردەم رۆژنامەڤانان و قسەیکرد، دۆن دەڵێت "بەرزکردنەوەی جامەکان هەمیشە لەلای من تایبەتە."
 
رۆناڵدۆ گوتی "ئێوە دەزانن تەمەنی راستەقینەم چەندە، روونە کە نزیکە لە کۆتایی و وەکو ئەوە نییە لە سەرەتادا بم، بەڵام دەبێت چێژ لە هەموو ساتەکانم وەربگرم، ئەگەر تووشی پێکانی قورس نەبم بەردەوامدەبم."
 
کریس لەبارەی بردنەوەی نازناوەکەوە گوتی "بەرزکردنەوەی جامەکان بەردەوام لەلای من شتێکی نایاب و تایبەتە، بەلای منەوە ئەوە پێشەنگە، ئێوە دەمناسن و دەزانن ویستی من چۆنە، ئازارم هەبوو و فرمێسکیشم دەهاتە خوارەوە."
 
ئەستێرەی پۆرتوگال لەبارەی پێکانەکەیەوە دەڵێت "لە سەرەتا و لە کاتی خۆ گەرمکردنەوە پێکانم هەبوو، بەڵام بەلای منەوە هەڵبژاردەی نیشتمانی گرنگە و ئەگەر پێویست بکات قاچیشم بۆ دەشکێنم، تووشی پێکانێکی سووک بووم، بەڵام ئەمە بەشێکە لەم یارییە، کاتێک لەژێر باراندایت تەڕیش دەبیت، بەڵام شایستەی ئەوە بوو.
 
رۆناڵدۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "دەبێت چێژ لە هەموو ئەو ساتانە وەربگریت کە تێیدا دەژیت، من ژیانم لەسەر مەودای کورتخایەن رێکدەخەم، بەتایبەت لە تۆپی پێدا."
 
کاتێک پرسیار لەبارەی داهاتووی ئەستێرەکەوە کرا و پێیانگوت، داهاتوو؟ رۆناڵدۆ گوتی "هیچ شتێک نەگۆڕاوە، کە پرسیاری لێدەکەن نەسڕ؟ ئەو دەڵێت "بەڵێ."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ باسی لامین یامال دەکات و دەڵێت "ئەو زۆر نازناو دەباتەوە، ئەو دیاردەیە، کاروانێکی درێژی لەپێشە و دڵنیام چەندجارێک نەیشنسلیگ دەباتەوە."
 
رۆناڵدۆ بە پێکەنینەوە دەڵێت" بردنەوەی ئەم نازناوە متمانەی زۆرمان پێدەبەخشێت بۆ مۆندیال و هەلی ئەوەمان پێدەدات بۆ ئەوە لە هەر تیپێک ببەینەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە