ڤیدیۆ؛ نونۆ مێندێز: لامین یامالم راگرت و دڵخۆشم بۆ رۆناڵدۆ

09-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نونۆ مێندێز
نونۆ مێندێز
نیشانەکردن نونۆ مێندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نونۆ مێندێز، بەرگریکاری هەڵبژاردەی پۆرتوگال و باشترین یاریزانی یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ، باس لە بردنەوەی نازناوەکە و راگرتنی لامین یامال دەکات.
 
مێندێز، دوای بردنەوەی نازناوەکە لەگەڵ رۆبێرتۆ مارتینێز چووە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی و باسی رووبەڕووبوونەوەی یاریزانە بەتواناکان و راگرتنی لامین یامال دەکات و دەڵێت "ئەمە رکابەرییەک بوو، وەکو زۆر لە رکابەرییەکانی دیکەی ئەم وەرزە، ئێمە رووبەڕووی یاریزانی نایاب بووینەوە، کە زۆر لە رووی تەکنیکییەوە لێهاتوو بوون، ئەو یاریزانانەی دەتوانن لە هەموو ساتێکدا جیاوازی دروستبکەن، ئەمڕۆ توانیم رێگری لە لامین بکەم و نەمهێشت ئەو کارە بکات کە بەباشترین شێوە دەیکات، پێموایە ئەمە رێگەیەکی دووری بڕی بۆ هاوکاریکردنی تیپەکە، دڵخۆشم یارمەتی تیپەکەم داوە، دڵخۆشم پۆرتوگال ئەم نازناوەی بەدەستهێناوە."
 
نونۆ لەبارەی بردنەوەی نازناوەکە و کریستیانۆ رۆناڵدۆوە گوتی "ئێمە زۆر دڵخۆشین بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکە، بۆ کریستیانۆ، ئەو لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگە یارمەتیمان دەدات، ئامۆژگارییەکی زۆرمان پێدەدات، بۆ خۆم و هاوڕێکانم، پێویستە ئەو لە کۆمەڵەکەدا هەبێت، زپر بە ئەزموونە و هەڵوێستێکی نایابی هەیە، خاوەنی عەقلیەتی بردنەوەیە و زۆرباشە، ئەو نموونەیە بۆ گەنجانی هەڵبژاردەی نیشتمانی و یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ گەشەکردن لە تۆپی پێدا."
 
نونۆ مێندێز، ئێستا لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهانە، یاریزانەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ پاریس سانجێرمان و نەیشنسلیگی لەگەڵ پۆرتوگال بەدەستهێنا.
 
لە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگدا، یاریزانەکە 120 خولەک یارییکرد، گۆڵێکی تۆمارکرد، بووە هۆکاری گۆڵی دووەم، بەدرێژایی یارییەکە کەس نەیتوانی یاریزانەکە ببڕێت، لەلێدانی یەکلاکەرەوەدا سەرکەوتوو بوو و بەباشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە