ئێمباپێ لە دژی رابردووی خۆی دەوەستێتەوە لەپێناو سەرخستنی مەدرید

09-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، لە دژی یادەوەرییەکانی شەش ساڵ یارییکردن لە یانەی پاریس سانجێرمان دەوەستێتەوە لەپێناو سەرخستنی یانەی ریال مەدرید بۆ یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا.


ئەمشەو چوارشەممە، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان، هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و براوەی یارییەکە بۆ یاریی کۆتایی مۆندیالەکە و رووبەڕووبوونەوەی چیڵسی ئینگلیزی سەردەکەوێت.

لۆس بلانکۆس بۆ گەیشتن بەم قۆناخە، لە قۆناخی شازدە بە زەحمەت و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یوڤێنتوسی بردەوە، پێشئەوەی لە قۆناخى هەشتدا لە یارییەکى بەهێزدا بە ئەنجامی 3-2 لە بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی بباتەوە.

هەرچی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە، رێگەیەکی ئاسانتری بڕی، کاتێک بە ئەنجامی 4-0 لە ئینتەرمەیامی بردەوە و دواتریش بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر بایرن میونشنی ئەڵمانیدا بەدەستهێنا.

یەکێک لە گرنگترین چیرۆکەکانی ئەم یارییە، رووبەڕووبوونەوەی کیلیان ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسایە، بەرامبەر بە یانەکەی پێشووی کە پاریس سانجێرمانە و کیلیان بۆ ماوەی شەش ساڵ، درێسی یانە پاریسییەکەی پۆشی و بووە گۆڵکاری مێژوویی یانەکە، بەتۆمارکردنی 256 گۆڵ لە 308 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان. 

لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەکاندا، هەردوو یانە 12 جار یارییان کردووە، ریال مەدرید پێنج سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و پاریسیش چوارجار براوە بووە، سێ یاریش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە. کەریم بێنزێمای ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ، گۆڵکاری یارییەکانی نێوان هەردوو یانەیە.

ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەودا لە تواناکانی چەند یاریزانێک بێبەش دەبێت، دیارترینیان دین هاوسنە کە لە یاریی رابردوودا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. هەروەها دایڤد ئالابا، فێرلان مێندی، ئێدواردۆ کاماڤینگا و ئیندریک کە بەهۆی پێکانەوە بەشداری ناکەن.

لە بەرامبەردا، پاریس سانجێرمان لە تواناکانی هەریەک لە ویلیام پاچۆ و لوکاس هێرناندێز بێبەش دەبێت، پاشئەوەی هەردوو یاریزان لە یاریی بەرامبەر بایرن میونشن، لە قۆناخی پێشووی مۆندیالەکە کارتی سووریان وەرگرت.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی ریال مەدرید:

گۆڵپارێز: تیبۆ کۆرتوا

بەرگری: فران گارسیا، مارکۆ ئاسێنسیۆ، ئەنتۆنیۆ رودیگێر، ئەلێکساندەر ئارنۆڵد

ناوەند: فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی، ئۆرێلین چوامینی، ئاردا گولەر

ناوەندی هێرشبەر: جود بێلینگهام

هێرشبردن: ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ


پێکهاتەی پێشبینیکراوی پاریس سانجێرمان:

گۆڵپارێز: جیانلویجی دۆناڕوما

بەرگری: ئەشرەف حەکیمی، مارکینیۆس، لوکاس بێراڵدۆ، نونۆ مێندێس

ناوەند: جواو نێڤێس، ڤیتینیا، فابیان رویز

هێرشبردن: کڤاراتسخێلیا، عوسمان دێمبێلێ، دێزیرێ دوێ


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە