ڤیدیۆ؛ مانچێستەر یونایتد لە تەوالێتیشدا چاودێریی یاریزانەکانی دەکات

09-08-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد کارینگتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای کەمتر لە سێ ساڵ لە هەڤپەیڤینە بەنێوبانگەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و رەخنەگرتنی لەژێرخانی یانەکە، مانچێستەر یونایتد وەڵامی دایەوە و دوێنێ هەینی 8ـی8ـی2025، بەفەرمی سەنتەری مەشقە نوێکراوەکەی لە کارینگتن کردەوە. 
 
پڕۆژەکە 50 ملیۆن پاوەندی تێچووە و شەیتانە سوورەکان پێیانوایە ئێستا لە ئاستی رکارەبەرە سەرەکییەکانیاندان.
 
سێر جیم راتکلیف، خاوەنی نوێی یانەکە، قردێلەی کردنەوەی سەنتەرەکەی بڕی، لە رێوڕەسمێکدا سەرجەم یاریزانان و ستافی راهێنەران و سێر ئەلێکس فێرگسۆنی ئەفسانەی سوورپۆشەکانیش ئامادەبوون. 
 
راتکلیف گوتی "پێویستە یانەکە لە بەرزترین ئاستدا رکابەری بکات، سەنتەرێکی راهێنانی ئاستبەرز بەتەنیا نامانگەیێنێتە ئەو ئاستە، بەڵام یەکێکە لە پاڵنەرە سەرەکییەکان".
 
دیۆگۆ دالۆتی بەرگریکاری پۆرتوگالی یانەکەش، پێیوایە هاونیشتیمانییەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دڵخۆش دەبێت بەم گۆڕانکارییانە و دەڵێت "دڵنیام ئەگەر بیبینیایە زۆری بەدڵ دەبوو".
 
گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سەنتەرە نوێیەکە:
 
ژووری جلگۆڕینی زیرەک
 
ژووری جلگۆڕینی تیپی یەکەم فراوانتر کراوە، هەموو یاریزانێک شاشەیەکی دیجیتاڵی تایبەت بەخۆی هەیە، خشتەی کارەکانی هەفتەی تێدا نیشان دەدرێت. شوێنێکی تایبەتیش بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی یاریزانان دانراوە. تەوالێتەکانیش "زیرەکن" و دەتوانن رێژەی شلەمەنی نێو جەستەی یاریزانان بپێون و پێیانبڵێن چەند ئاو بخۆنەوە بۆ گەیشتن بە ئاستی نموونەیی.
 
بەشی پزیشکیی پێشکەوتوو
 
شوێنی پێشووی چارەسەری پزیشکی بە "زیندان" وەسف دەکرا، بەڵام شوێنە نوێیەکە زۆر رووناکترە بۆ یارمەتیدانی یاریزانان لەڕووی دەروونییەوە. یەکێک لە نوێترین ئامێرەکانیش "ترێدمیلی ژێر ئاوە" بۆ خێراکردنەوەی پرۆسەی چاکبوونەوە لە پێکان.
 
یاریگای پادڵ و شوێنی کاتبەسەربردن
 
لەسەر داواکاری یاریزانان، یاریگایەکی پادڵ دروستدەکرێت. دیۆگۆ دالۆت و رۆبن ئامۆریمی راهێنەر ئارەزوویەکی زۆریان بۆ ئەو یارییە هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە