رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەبێ لیۆنێل مێسی دوایین یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا ئەنجامدەدات و رووبەڕووی ئیکوادۆر دەبێتەوە.
تانگۆ دوای بردنەوەیان لە ڤێنزوێلا و ماڵئاواییکردنی هاندەرانی ئەرجەنتین لە لیۆنێل مێسی، هەڵبژاردەکە لە بۆینس ئایرێس ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیکوادۆر ئەنجامدا و دوای ئەوەش شاندی هەڵبژاردەکە چووە ئەو وڵاتە بۆ ئەنجامدانی دوایین یارییان لە پاڵاوتنەکاندا.
لە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا لیۆنێل مێسی بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشق و راهێنانەکاندا کرد، سەرەڕای ئەوەی راگەیێنراوە لە دوایین یارییدا پشووی پێدەدرێت و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
مێسی لە یاریی رابردوودا دوو گۆڵی تۆمارکرد و هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەی دوازدەیەم لە پاڵاوتنەکاندا و بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە دوایین گەڕی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشووردا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، ئەرجەنتین دەبێتە میوانی ئیکوادۆر و یارییەکە کاژێر 02:00 دەکرێت.
لیۆنێل سکالۆنی بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "سەبارەت بە لیۆ، من قسەم لەسەر ئەم دۆخی مۆندیالە نەکردووە. من تەنیا ئەوە دەزانم کە ئەو تایگەیاندووە و دەزانم کە ئەو لەم کاتەدا هەموو شتێک بە هێمنی وەردەگرێت، هەروەک شایستەیەتی، وازی لێبهێنن بە ئارامی. هەر بڕیارێک بدات، باش دەبێت. زۆر شتی دیکەم نییە لەو بارەیەوە بیڵێم."
سکالۆنی زیاتر لەبارەی مێسی قسەیکرد و گوتی "بە هەموو شتێک سەبارەت بە لیۆ، لەبیرمان دەچێتەوە کە ئەو چی بۆ ئێمە دەگەیەنێت و یارییەکەی رۆژانی پێشوو چی بۆ ئەو دەگەیاند. یەکێک لە هۆکارەکانی یارییکردنی لەو رۆژەدا بەهۆی ئەوەوە بوو، چونکە رەنگە بیرۆکەی من ئەوە بووبێت کە پشووی پێبدەم، بەڵام من قسەم لەگەڵی کرد و راستییەکەی ئەو شایستەی یارییکردنی ئەو یارییە بوو. ئەو شایستەی ناسینەوەیە چونکە یارمەتییەکی زۆری داوین. نەک تەنیا لە ئاستی تۆپی پێدا، بەڵکو لە ئاستی گرووپدا و ئەوەش مانای پۆشینی ئەم درێسەیە."
راهێنەری ئەرجەنتین لەبارەی ئیکوادۆرەوە دەڵێت "پێش هەموو شتێک، ئێمە بەرامبەر تیپێک یاری دەکەین کە ماوەیەکی زۆرە زۆر باش کار دەکات، لەو کاتەوەی ئەلڤارۆ لەوێ بوو، پاشان لەگەڵ فیلیکس باز و ئێستا لەگەڵ سێباستیان. پێموایە ئەو تەنانەت هێزێکی زیاتری بە تیپەکە بەخشیوە و یەکێکە لە تیپە گرنگەکان، نەک تەنیا لە ئەمریکای باشوور بەڵکو لە جیهاندا، یاریزانی گەورەی هەیە. تاقیکردنەوەیەکی باشە بۆ ئێمە. سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان کە ناچارین بیکەین، دوو گۆڕانکاری دڵنیان چونکە کوتی لەوێ نییە، لیۆ لەوێ نییە، لەوانەیە چەند گۆڕانکارییەکی دیکەش بکەین، بەتایبەتی پێمان وایە گرنگە یاریزانانی دیکە ببینین، ئەمڕۆ بڕیار دەدەین. ماک ئالیستەر، پێموایە، باشە. دڵنیا نیم لەوەی کە سەد لەسەد ئامادەیە، بەڵام دەبینین کە ئایا بەشێک دەبێت لە تیپەکە یان نا. لە بنەڕەتدا، ئەو بەردەستە و ئەمڕۆ دوای کۆنگرەی رۆژنامەوانی تاقیکردنەوەی کۆتایی دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ