رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدانی ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا، چاوی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی دوای مۆندیالی 2026، کە ئەوکات دیدێ دیشام کۆتایی بە ئەرکەکەی وەک راهێنەر دێنێت.
زیدان لەوەتەی 2021 ریال مەدریدی جێهێشتووە، چەندین گرێبەستی یانە گەورەکانی رەتکردووەتەوە تەنیا بۆ ئەوەی بۆ ئەو پۆستە گرنگە ئامادەبێت.
رۆژنامەی لیکیبی فەرەنسی رایگەیاند "زینەدین زیدان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دوای مۆندیالی 2026 لە شوێنی دیدی دیشام پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەربگرێت".
بەپێی زانیارییەکان، زیدان بەوردی چاودێری تیپی فەرەنسا دەکات و بەدواداچوون بۆ یاریزانەکان دەکات. ئەستێرەی وەک کیلیان ئێمبابێ و چەندین یاریزانی دیکەی دیاری فەرەنسا، ئارەزوویانە لەژێر سەرپەرشتی زیدان یاری بکەن، چونکە ئەو وەک یەکێک لە گەورەترین کەسایەتییەکانی تۆپی پێی فەرەنسا دەمێنێتەوە.
دیالۆ، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا، بەوریاییەوە مامەڵە دەکات و رێز لە کاروانی دیشام دەگرێت، بەڵام ناوبانگی زیدان، سەرکەوتنەکانی لەگەڵ ریال مەدرید (سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ و نازناوێکی خولی ئیسپانیا) و پەیوەندی بە یاریزانانی فەرەنساوە، وای لێدەکات ببێتە بەربژێری سەرەکی بۆ ئەو پۆستە.
زیدان، پاڵەوانی مۆندیالی 1998 و یۆرۆی 2000 بەنهێنی خەریکی دانانی پلان و دیدگای خۆیەتی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە دوای مۆندیالی 2026 کە هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زیدان لە کۆتاییدا دەگاتە خەونی راهێنەرایەتیکردنی فەرەنسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ