ئامانجەکەی ریال مەدرید دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگدا یاریی بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئادەم وارتۆن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لەو یاریزانانەی لە ماوەی رابردوودا ناوی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بەستراوەتەوە، دەیەوێت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا یاریی بکات و ئەگەری هەیە لە هاوینی داهاتوودا لە یانەکەی بڕوات.
 
ئادەم وارتۆن، یاریزانی لاوی ئینگلیزی و یانەی کریستال پاڵاس، یەکێک لەو یاریزانانەیە لە ماوەی رابردوودا وەکو ئامانجێکی سەرەکی یانەی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو ناوی دەهێنرێت، یاریزانەکە دەیەوێت لە یانەی کریستال پاڵاس بڕوات و لە یانەیەک یاریی بکات لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا کاری لەپێشینەی رێکخستنەوەی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە دەبێت.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت "ریال مەدرید چاودێریی وارتۆن دەکات و دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ باشترکردنی هێڵی ناوەڕاست بباتە ریزەکانی، بەتایبەتیش ئەگەر یانەکە نیکۆ پاز نەگەڕێنێتەوە تیپەکەی."
 
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید هیچ ناوێکی یەکلاکەرەوەی بۆ هێڵی ناوەڕاست نییە، بەڵام وارتۆن لە لیستی پلانەکانی یانەکەدایە، ویستی یاریزانەکەش بۆ رۆیشتن لە یانەکەی رەنگە پڕۆسەی گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە ئینگلتەراوە بۆ ئیسپانیا ئاسانتر بکات.
 
وارتۆن تەمەنی 22 ساڵە، لەم وەرزەدا بەشداریی لە 41 یاریی یانەکەیدا کردووە، یاریزانەکە لە چەقی هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات، ئێستا یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی پرێمەرلیگە.
 
ئادەم، گرێبەستەکەی لەگەڵ کریستال پاڵاس لە هاوینی 2029 کۆتایی دێت، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام پێناچێت کریستال پاڵاس بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە