رووداو دیجیتاڵ
گەڕێکی دیکەی رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەم و لە کۆمەڵەی دەیەمدا، هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی ماڵتا یاری دەکات.
هۆڵەندا ئەمە دووەم یارییە لە پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر ماڵتا ئەنجامیدەدات، لە یاریی یەکەمیدا کە لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامیدا بە هەشت گۆڵی بێبەرامبەر لەو هەڵبژاردەیەی بردووەتەوە و دەیەوێت ئەمشەو بردنەوەکەی دووبارە بکاتەوە.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا تاوەکو ئێستا چوار یارییکردووە، سێ بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیە، ماڵتا هیچ بردنەوەیەکی نییە، سێ دۆڕان و دوو یەکسانبوونی هەیە، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە و 12 گۆڵی لێکراوە.
هەڵبژاردەی کرواتیا ئامادەکارییەکانی بۆ گەڕێکی دیکەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال تەواوکردووە و دەیەوێت درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات.
کرواتیا بە سەرکردایەتیی لوکا مۆدریچ، دوایین مەشقەکانی بۆ یاریی ئەمڕۆی بەرامبەر کۆماری چیک بەبێ کێشە ئەنجامدا و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە گەیشتن بە مۆندیال نزیک ببێتەوە.
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دوازدەیەمی کیشوەری ئەورووپادا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، کرواتیای پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر چیک یاری دەکات و یارییەکە یاریی لووتکە دەبێت و رکابەری دەکەن لەسەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە.
هەردوو هەڵبژاردە چوار یارییان بردووەتەوە و خاوەنی 12 خاڵن، بەڵام چیک یارییەکی زیاتری ئەنجامداوە و کرواتیا لە پلەی یەکەمی ریزبەندە.
تیپەکەی لوکیتا تاوەکو ئێستا لە چوار یارییدا 17 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا یەک گۆڵیان لێکراوە، ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دەیانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانیان بدەن و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکەن.
هەردوو یارییەکە لە یەک کاتدا لە کاژێر 21:45 بەڕێوەدەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ