لاپۆرتا پشت لە پێرێز دەکات و باوەش بۆ خلێفی دەکاتەوە

09-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پێشوازی لە گەڕانەوەی یانەی بارسێلۆنا دەکات بۆ نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و خوان لاپۆرتاش دەڵێت "کەس ناتوانێت لە تۆپی پێی ئەورووپا بباتەوە".
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە رۆما بەشداریی لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی یانەکانی ئەورووپادا کرد، کە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و ناسر خلێفی، سەرۆکی دەستەکە ئامادەی بوو و سەرۆکی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان بەیەکەوە کۆبوونەوە و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە دوای کۆبوونەوەکە بڵاویانکردەوە، یانەی بارسێلۆنا بیر لە کشانەوە لە پڕۆژەی سوپەرلیگ دەکاتەوە، کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید خاوەنەکەیەتی و ئەمەش بە مانای شکاندنی ئەو هاوپەیمانییە دێت کە لەنێوان هەردوولادا کراوە.
 
ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپا دەڵێت "وەکو هاوڕێیەک کە ماوەیەکی درێژە یەکدی دەناسین قسەم لەگەڵ خوان لاپۆرتا کردووە، ئێمە جیاوازیمان هەیە، بەڵام وەکو میوانێکی نایاب پێشوازیمان لێیکرد و سوپاسی دەکەین بۆ ئامادەبوونی."
 
سەرۆکی دەستەی یانەکانی ئەورووپا ئاماژەی بە گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ نێو دەستەی یانەکانی ئەورووپا دا و گوتی "بەخێرهاتنی میوانێکی زۆر نایاب دەکەین، هاوڕێکان هەندێکجار ناکۆکی و جیاوازییان، ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام هەمیشە لەپێناو بەرژوەندی گشتیدا کۆدەبینەوە، یانەکەی گەڕاندەوە بۆ ژیان، چ لە ناوەوەی یاریگە بێت وەکو تیپێکی لاو، یانیش لە دەرەوەی یایرگە، خوان لاپۆرتا ئەو میوانەیە، تکایە لەگەڵم بن بۆ پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی بۆ نێو خێزانەکەی."
 
لە کۆبوونەوەکەدا خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گوتوویەتی "کەس ناتوانێت لە تۆپی پێی ئەورووپا بباتەوە." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی یانەکە بۆ وازهێنان لە بیرۆکەی سوپەرلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە