پیکێ: زوو بێت یان درەنگ، بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی بارسێلۆنا جیرارد پیکێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جیرارد پیکێ، ئەستێرەی پێشووی بەرگریی بارسێلۆنا، باسی لە هەلی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەلایەن یانەکەی پێشووەیەوە کردووە و دەڵێ، زوو بێت یان درەنگ، بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە.
 
بارسێلۆنا وەرزی رابردوو زۆر نزیکبوو لە بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە، بەڵام لە قۆناخی پێشکۆتاییدا لەسەردەستی ئینتەری ئیتاڵی دەرکرا.
 
بارسا ئەمساڵ لەسەرەتای وەرزەوە لە لالیگادا باش دەرنەکەوت، بەڵام لەماوەی رابردوودا ریتمی خۆی وەرگرتەوە و قەرەبووی دواکەوتنی بەچوار خاڵ لە ریال مەدرید کردەوە و ئێستا بەجیاوازیی چوار خاڵ، پێش ئەو یانەیە کەوتووە و پێشەنگی گرتووە.
 
لەسەرئاستی چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنا بەخراپی کاردەکات و لە دوایین یاریی خۆیدا بە چێڵسی دۆڕا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
 
بارسا ماوەی 10 ساڵی تەواوە چامپیۆنزلیگی بەدەستنەهێناوە و لە ریزبەندی ئێستای پاڵەوانێتییەکەدا، پلەی 18ی گرتووە، بەرلەوەی یانەکە ئەمشەو رووبەڕووی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی ببێتەوە.
 
پیکێ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ، "ئەو هەرایەی لەچواردەوری ئەنجامەکانی تیپەکە دروستکراون، گەورەترن لەوەی لە یاریگەدا روودەدەن".
 
ئەو بەرگریکەرەی پێشووی یانەکە بیانوو بۆ ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە دەهێنێتەوە و دەڵێ، "بەهەمان شێوازی وەرزی رابردوو یارییدەکات، بارسێلۆنا تیپێکی زۆر هێرشبەرییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا یارییەکی چێژبەخش دەکات و لە کۆتاییشدا خەڵک هەر ئەوەیان دەوێت".
 
پیکێ روونیکردووەتەوە، "ئەوان گۆڵی زۆر دەکەن و گۆڵی زۆریشیان لێدەکرێت. ئەمە شتێکی پێشبینیکراوە لە سایەی شێوازی یارییکردنی هانزی فلیک، بەڵام من پێموایە ئەوان رکابەریی لەسەر هەموو نازناوەکان دەکەن".
 
لەبارەی ئەگەری بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگەوە لەلایەن بارسا، پیکێ دەڵێ، "زۆر ئاساییە رووبدات، بۆچی نا؟ راستە پڕۆژەی بەهێز لە ئەورووپادا هەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بارسا زووبێت یان درەنگ، نازناوەکە دەباتەوە".
 
بەبڕوای پیکێ، ئارسیناڵ و پاریس سانجێرمانی هەڵگری نازناوی وەرزی رابردوو، پاڵێوراون، هەروەها "ریال مەدرید و بایرن میونشن کە لەگەڵ کۆمپەنی گەشەی زۆری کردووە، لەبەرئەوە دەکرێ ئەوانە هەمووان رکابەری قورس بن".
 
بارسێلۆنا لە یارییەکەی ئەمشەودا، چاوی لە بردنەوەیە لەپێناو دوورکەوتنەوە لەو ناوچەیەی ریزبەندی قۆناخی یەکەمی خولەکە، کە تیپەکە دووچاری ئەنجامدانی دوو یاریی زیادە لە پاڵەوانێتییەکە دەکات بەهۆی پاشکۆی قۆناخی شانزە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە