رووداو دیجیتاڵ
ئەفریقیەکان بوێرانە بڕیاریاندا کە هەر دەبێت جامی ئەفریقا لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ئەوان رووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری، رەخنە و بارودۆخە زەحمەتەکان بوونەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەفریقاش هاوشانی ئەوروپا و ئەمریکای باشوور لەپێناو تۆپی پێدا توانای رووبەڕووبوونەوەی هەموو زەحمەتی و مەترسییەکانی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆمەڵێک کێشە و گرفت دەوری ئەم پاڵەوانێتییەیان داوە، کە ئەگەر نەبنە هۆکاری راگرتن و هەڵوەشاندنەوەیشی، کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر ئاست و شێوازی رێکخستنییەوەی دەبێت، کە کامیرۆن وەک وڵاتی میواندار دەڵێت، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی.
ئەم پاڵەوانێتییە، کە بە بەشداری چەندین ئەستێرەی جیهانی وەک محەممەد سەڵاح، سادیۆ مانێ، ریاز مەحرز و سبستیان هالێر و چەندینی دیکە ئەنجام دەدرێت، رێگەیەکی سەختی لەپێشە و بارودۆخەکان زیاتر ئاماژە بۆ شکستخواردنی پاڵەوانێتییەکە دەدەن، نەک سەرکەوتنی.
هەرچەندە کامیرۆن ئامادەیی یاریگەکانی بۆ میواندارییەکە راگەیاندووە، بەڵام ژێرخانی وەرزشیی ئەم وڵاتە لە دۆخێکدایە کە مژدەی خۆش نادات، خراپی یاریگەکانی ئەو وڵاتە هەڕەشەیەکن بۆ سەر پاڵەوانێتییەکە.
لە هەموویشی مەترسیدارتر هەڕەشەی گرووپە یاخیبووەکانن، کە هەڕەشەی کوشتن لە یاریزانانی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
حکومەتی کامیرۆن رایگەیاند بۆ پاراستنی هەڵبژاردە بەشداربووەکان لە مەترسی ئەو گرووپانە، ژمارەیەکی زۆرتر لە پۆلیس و هێزە ئەمنیییەکان لەو شارانەدا بڵاودەکاتەوە کە میوانداری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، کە تەنیا ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار کەسیان کوشتووە.
بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردان بەهۆی ئەو کێشانەی کە ئەگەری هەیە ببنە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پاڵەوانێتییەکە و شەرمەزاربوونیان بەرامبەر فیفا و جیهان.
رەتکردنەوەی هەواڵەکانی شکستخواردنی پاڵەوانێتییەکە لە لایەن بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقاوە، بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین بەشی ئەوە کارکراوە بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، چونکە کۆرۆنا ئۆمیکرۆنیش مەترسییەکی دیکەیە و لەوانەیە بەتەنیا بەس بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاڵەوانێتییەکە، بەتایبەتیس کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی لە ئەفریقایە و دەکرێت ببێتەوە هۆکاری داخستنەوەی یاریگەکانی تۆپی پێ.
هەرچۆنێک بێت، سەرەڕای ئەوەی زۆر لە ئەفریقییەکان پێیانوایە فیفا جیاوازی دەکات لەنێوان ئەفریقا و ئەوروپا، گوایە رێگەی بە ئەنجامدانی یۆرۆ دا، بەڵام دەیەوێت گرفت بۆ جامی ئەفریقا دروست بکات، تەنانەت هەندێک ئەفریقی لە روانگەی رەگەزپەرستییەوە سەیری ئەم بابەتە دەکەن، بەڵام بەشی ئەوە گرفت و کێشە و ئاڵنگاری هەن، کە ببنە پاساو بۆ ئەوەی داوای بەڕێوەنەچوونی پاڵەوانێتییەکە بکەن، یان لانیکەم پێشبینی بۆ شکستخواردنی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ