هەرچەندە جامەکەی لێسەندراوەتەوە، سەنیگال ئاهەنگی بەدەستهێنانی جامی ئەفریقا دەگێڕێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن جامی نەتەوەکانی ئەفریقا هەڵبژاردەی سەنیگال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە پاریسی پایتەختی فەرەندسا، ئاهەنگێکی گەورە بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە خۆ بگرێت، لە کاتێکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی کیشوەرەکە، بڕیاریداوە نازناوەکە لە سەنیگال بستێنێتەوە و بیداتە هەڵبژاردەی مەغریب.
 
هەڵبژاردەی سەنیگال کە سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکردووە، لەماوەی فیفا دەی ئەمجارەدا، لە پاریس و لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی پیرۆ دەبێتەوە و لە پەراوێزی یارییەکەدا، ئاهەنگێکی گەورە بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەگێڕێت.
 
ئەگەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا، هەفتەیەک لەمەوپێش، بڕیاریدا، هەڵبژاردەی سەنیگال لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بە دۆڕاو دابنێت، بەهۆی پاشەکشەکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەکە لە کاتی یارییەکەدا، بەڵام سەنیگالییەکان سوورن لەسەر نمایشکردنی جامەکە بۆ هاندەرانیان لە نێو پاریس.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال، سوورە لەسەر نمایشکردنی جامەکە لە نێو یاریگەدا کە پێشبینیدەکرێت زیاتر لە 80 هەزار هاندەر ئامادەی ببن.
 
بەپێی ئەوە فیدراسیۆنەکە لەگەڵ لایەنی رێکخەری یارییەکەدا لەسەری رێکەوتووە، ئاهەنگی گەورە ئەنجامدەدرێت کە نمایشی خۆشبژێوی و ئاهەنگی مۆزیک لە خۆ دەگرێت و بڕیارە هەردوو هونەرمەند بۆبا و یوسۆ ندۆر بەشداریی تێدا بکەن، ئەمەش لە نێو ژمارەیەک رێوشوێندا کە مەبەست لێی، سەرنجڕاکێشانی دیاسپۆرای سەنیگالە لە فەرەنسا.
 
وەک پەیامێکی سووربوون لەسەر بەدەستهێنانی نازناوە ئەفریقییەکە، هەریەکە لە خالیدۆ کۆلیبالی، حەبیب دیارا و بابای گای، یاریزانانی هەڵبژاردەکە، پەیامیان بۆ هاندەران لەپێناو بەشداری لە ئاهەنگەکە نارد و دووپاتیانکردەوە ئەوان خاوەنی راستەقینەی جامەکەن و لە نێو یاریگەدا بەدەستیان هێناوە.
 
لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کە رۆژی 17ی مانگی دووی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی سەنیگال و مەغریب ئەنجامدرا، لە خولەکی 98ی یارییەکەدا، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ مەغریب تۆمارکرد و بەهۆیەوە یاریزانانی سەنیگال لەسەر داوای بابی تیاوی راهێنەریان، یاریگەیان بەجێهێشت، بەرلەوەی دواتر بگەڕێنەوە و براهیم دیاز لێدانە سزاکە لەدەست بدات.
 
یاریزانانی سەنیگال لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا، پاش یەکسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە بەبێ گۆڵ، سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و لەگەڵ هاندەرانیان ئاهەنگیان گێڕا.
 
هەفتەی رابردوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا، بڕیاریدا سەنیگال لە یاریی کۆتایی جامەکەدا بە دۆڕاو دابنێت و مەغریب بکاتە براوە، بەهۆی پاشەکشەی یاریزانانی هەڵبژاردەکە لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال، لە بڕیاری فیدراسیۆنە ئەفریقییەکە نیگەرانە و هەڵبژاردەکەی بەخاوەنی نازناوەکە دەزانێت.
 
فیدراسیۆنە سەنیگالییەکە، لە دادگای نێودەوڵەتیی وەرزش، ناسراو بە 'تاس' سکاڵای لەسەر فیدراسیۆنە سەنیگالییەکە تۆمارکردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری فیدراسیۆنە ئەفریقییەکە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە