فلیک بۆ یاریی کلاسیکۆ مژدەی گەورەی پێیە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک کلاسیکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا مژدە دەداتە هاندەرانی یانەکەی بۆ یاریی کلاسیکۆ و دەڵێت "بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، لامین یامال و هەموو یاریزانەکانی ئامادەن". هەروەها دەڵێت "ریال مەدرید یانەیەکی گەورەیە، بەڵام دەمانەوێت یارییەکە و نازناوەکە ببەینەوە".
 
سبەی یەکشەممە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە سعودیە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا ئەنجام دەدەن.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا وەڵامی پرسیاری هاندەرانی دایەوە و لەبارەی یارییەکەوە گوتی "یاریی کۆتایی هەر یاریی کۆتایییە، بەڵام یارییەکە بەرامبەر ریال مەدریدە، بۆیە بەتەواوی جیاوازە. هەمووان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی بینینی کلاسیکۆن. ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆمان پێشکەش بکەین.
گرنگ ئەوەیە سبەی ئامادەبین. ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە و متمانەی تەواومان بە توانای خۆمان هەیە بۆ بردنەوە".
 
سەبارەت بەوەی ئایا کام لەو دوو تیپە بەربژێرترە بۆ بردنەوەی نازناوەکە؟ فلیک لە وەڵامدا گوتی "نەخێر، ئەوە یاریی کۆتاییە. ئێمە دەمانەوێت یاریی کۆتایی ببەینەوە. پێش یاریی ئاتلێتیک بیلباو دوو یاری دوور بووین لە نازناوەکە. ئێستا یەک یاریمان ماوە.
ئەوەی کە دەبێت بیری لێ بکەینەوە ئەوەیە کە 90 خولەک هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی 100٪ وەک یەک تیپ یاری بکەین".
 
ئەو پەسنی ریال مەدریدی دا و لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی "ریال مەدرید تیپێکی گەورەی هەیە، هەروەها ئێمەش. هەمووان دەیانەوێت نازناوەکە بەدەستبێنن. هەمووان سەیری یارییەکە دەکەن. بۆیە پێویستە سەرنجمان لەسەر بێت. بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە کە چێژ لە یارییەکە وەربگرین و دڵنیابین لەوەی هەوادارەکانیشمان چێژ وەردەگرن".
 
سەبارەت بەئەگەری یاریکردنی کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکەدا، هانزی فلیک گوتی "ئێمباپێ یاریزانێکی گەورەیە، بەڵام تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە. لە وەرزی رابردووەوە چەند کلاسیکۆمان بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامداوە؟ چەند کلاسیکۆمان دۆڕاندووە؟ ئێمە تەنیا یەکێکمان دۆراندووە. ئەو یاریزانێکی گەورەیە، بەڵام ئێمە تیپێکی نایابین".
 
ئایا هەستی  تۆڵەسەندنەوەتان هەیە بۆ دۆڕانی کلاسیکۆی لالیگا؟ ئەمەش پرسیاری رۆژنامەڤانێکی دیکە بوو کە لە فلیکی کرد و ئەو لە وەڵامیدا گوتی "لەڕووی کەسییەوە، حەزم بەو دەستەواژەیە نییە. ئەوە تەنیا یەک یاری بوو. ئێستا گەڕاوینەتەوە و سەرنجمان لەسەر ئەو شتانەیە کە پێویستن. ئێمە زۆر باشتر یاریمان کردووە و ئەنجامی باشترمان بەدەستهێناوە. ئەوە تەنیا یەک یاری بوو".
 
فلیک هەروەها گوتی "ئێمە بارسێلۆناین و دەمانەوێت هەموو نازناوەکان ببەینەوە. ئەمە گرنگە. ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە کە تیپەکەم لەوپەڕی ئامادەباشیدایە. هێشتا رێگایەکی درێژمان ماوە تا کۆتایی وەرز".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی بارسا، هەروەها گوتی "سبەی رووبەڕووی یەکێک لە باشترین تیپەکانی جیهان دەبینەوە و دەبێت شایستەیی خۆمان بسەلمێنین".
 
هانزی فلیک لەم کۆنگرەیەدا مژدە گەورەکەی بە هاندەرانی بارسێلۆنا راگەیاندوو، و گوتی "لامین یامال بەتەواوی ئامادەیە بۆ کلاسیکۆ. هەموو یاریزانەکانم ئامادەن".
 
لە کۆتاییشدا کاتێک لێیانپرسی ئایا مەشقتان لەسەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە کردووە؟ هانزی فلیک گوتی "دوای مەشق و راهێنانەکان زۆرجار یاریزانەکان دەمێننەوە بۆ مەشقکردن لەسەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە. ئەوە شتێکی ئاساییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە