رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا هەوڵ دەدات بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتووی یانەی بارسێلۆنا و مانەوە لە پۆستەکەی بۆ دووەم خولی لەسەریەک و چوارەمین لە مێژوویدا.
سەرۆکی ئێستا بەپێی یاساکان دەستی لەکارکێشایەوە، بۆ ئەوەی بەفەرمی خۆی بەربژێر بکات و بچێتە نێو ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە کە بڕیارە رۆژی 15ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لە دژی ئەو رکابەرانەی هەوڵی لادانی دەدەن کە دیارترینیان ڤیکتۆر فۆنتە.
خوان لاپۆرتا 5 چەکی لەبەردەستە بۆ مانەوەی وەک سەرۆکی بارسێلۆنا و بردنەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەوانیش بریتین لە:
:دەرکەوتنی ئەستێرەی گەنجی ئیسپانی، لامین یامال
بە یەکێک لە چەکەکانی سەرۆکی ئێستا خوان لاپۆرتا دادەنرێت، چونکە ئەمە جەخت لەسەر توانای ئەو دەکاتەوە لە دروستکردنی ئەستێرەکاندا، رێک وەک چۆن لیۆنێل مێسی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دەرکەوت.
شوێنپەنجەی هانزی فلیک:
خوان لاپۆرتا هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی دەستنیشان کرد و بڕیارەکەشی سەرکەوتوو بوو، چونکە سەرەڕای قەیرانی دارایی، راهێنەرە ئەڵمانییەکە توانی تیپەکە بەرەو باڵادەستی لە پاڵەوانێتییە نێوخۆییەکانی ئیسپانیادا ببات و هەلی بۆ یاریزانانی لاماسیا رەخساند، ئەمەش بڕیارێکە بۆ سەرۆکی ئێستا هەژمار دەکرێت، چونکە بەهۆیەوە ناسنامەی یانەکە و شێوازە هێرشبەرییەکەی گەڕایەوە.
گەڕانەوە بۆ سپۆتیفای کامپ نو:
سەرەڕای کێشەکان و تەواونەبوونی پڕۆژەکە بەشێوەیەکی کۆتایی، بەڵام کارگێڕییەکەی خوان لاپۆرتا توانی بگەڕێتەوە بۆ یاریگای سپۆتیفای کامپ نو، ئەمەش گەڕانەوەیەکی گرنگە بۆ یاریگا مێژووییەکە کە بۆ خوان لاپۆرتا و کارگێڕییەکەی هەژمار دەکرێت.
سەقامگیریی هونەری:
سەرەڕای ئەوەی تیپەکە گرێبەستی گەورەی ئەنجام نەداوە و ئەستێرەی گەورەی نەهێناوە، بەڵام خوان لاپۆرتا لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی سەقامگیرییەکی هونەری بە تیپەکە بەخشی، کە تیپەکەی بۆ لووتکەی ئیسپانیا گەڕاندەوە و نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای پاراست، هەروەها هێشتا لە کێبڕکێدایە بۆ پاراستنی هەردوو نازناوی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا، بەهێزییش کێبڕکێ لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکات.
ناوبانگ و جەماوەریی سەرۆکە مێژووییەکە:
خوان لاپۆرتا خاوەنی جەماوەرییەکی زۆرە، چونکە هاندەرانی یانەکە ناوی ئەو دەبەستنەوە بە دەستپێکی سەردەمی زێڕینی تیپەکە، لەبەرئەوەی ئەو لە پشت دەستنیشانکردنی پێپ گواردیۆلا و دەرکەوتنی ئەستێرەکانی قوتابخانەی لاماسیا بوو، ئێستاش لاپۆرتا هەوڵ دەدات خۆشەویستی هاندەران بەکاربهێنێت بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بۆ خولێکی نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ