یوڤێنتوس و رۆناڵدۆ لە مەترسیدان و پیرلۆش وازناهێنێت

10-05-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتال 

دوای ئەوەی کلاسیکۆی ئیتالیا بە ئەنجامێکی مێژوویی لە سوودی یانەی میلان کۆتاییهات، ئاندریا پیرلۆی راهێنەری یانەی یوڤێنتوس رایگەیاند کە بیر لە وازهێنان لە پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی یوڤێنتوس ناکاتەوە.

لە یاریگەی ئالیانز ستادیۆم لە تۆرینۆ، یانەی یوڤێنتوس بەهیوای ئەوەی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا میوانداری یانەی میلانی کرد کە هەمان هیوا دەخوازێت، بەڵام رۆسۆنێری میوانێکی رەزاسووک نەبوو، بەڵکو بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێی بردەوە.

سوور و رەشەکان لە نیوەی یەکەمدا یارییەکی باشیان لە رووی بەرگرییەوە پێشکێشکرد، تەنانەت نەیانهێشت یەک لێدان بۆ گۆڵەکەی دۆنارووما لێبدرێت، کارێکیان کرد کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یوڤێ لە ناو هێڵی سزای ئەوان تۆپی بەر قاچ نەکەوت، لە بەشی دووەمی نیوەی یەکەمیشدا توانیان لە رێگەی لێدانێکی بەهێزی براهیم دیازەوە پێشبکەون و ئەنجامی گێمی یەکەم 1-0 بوو بۆ میلان.

لە نیوەی دووەمدا چآوەڕێی ئاست و دەرکەوتنێکی دیکە لە یوڤێنتوس دەکرا، کەچی وانەبوو، میلان دووجاری دیکە سەردانی گۆڵەکەی چێزنی کرد، لە خولەکەکانی 78 و 82ـدا، ئانتێ ریبیچ و تفیاکۆ تۆمۆری دوو گۆڵی دیکەشیان بۆ میلان زیادکرد و یارییەکەیان 3-0 بردەوە.

ئەمە یەکەم بردنەوەی میلان بوو لەدوای 10 ساڵ لەسەر یاریگەی یوڤێنتوس، هەڵبەتە لە 9 یاریی رابردووشدا بە یوڤێنتوس دۆڕابوو لەم یاریگەیەدا.

ئاندریا پیرلۆ، راهێنەری یوڤێنتوس لەدوای یارییەکە کە زۆربەی هەوادارانی یوڤێنتوس داوایان دەکرد و چاوەڕێی ئەوەبوون کە دەست لە کاربکێشێتەوە، کەچی دەڵێت: من بیر لە وازهێنان ناکەمەوە و پلانم نییە دەستلەکارکێشانەوە پێشکێشی کارگێڕیی یوڤێنتوس بکەم، ئەوای گرنگە ئێمە بەردەوامبین لەو پرۆژەی کە دەستمانپێکردووە.

یوڤێنتوس ئێستا پێویستی بە بردنەوەی هەرسێ یارییەکەی داهاتوویەتی و چاوەڕیی شکستی میلان، ناپۆلی و ئاتالانتاش دەکات.

Image

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە