رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، کۆمەڵێک مەرجی قورسی بۆ یانەکەی هەیە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و لە یانەکە بمێنێتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی سعودی، رۆناڵدۆ دیدێکی وردی پێشکەش بە کارگێڕیی یانەکەی کردووە بۆ پەرەپێدانی تیپەکە لە ساڵانی داهاتوودا. ئەم دیدە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی تاوەک ساڵی 2027 درێژبکاتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نەداوە سەبارەت بەوەی بەردەوام بێت یان نا، سەرەڕای رێککەوتنی زارەکی لەنێوان هەردوولا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ دوو وەرزی دیکە.
بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، رۆناڵدۆ دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی راگرتووە، چاوەڕێی ئەنجامی تیپەکەیە لە ماوەی داهاتوودا. ئەمەش وادەکات بەردەوامبوونی وابەستەی ئاستی بەکۆمەڵی یانەکە بێت.
گرێبەستی ئێستای ئەستێرەی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەی نەسڕ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، ئەمەش ئازادی پێدەبەخشێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە دانوستاندن بکات.
لە دوایین یاری بەرامبەر ئیتیحاد، دۆن مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کاتێک بەدەستەکانی ئاماژەی بەوەدا کە هاوڕێکانی لە کاتی یارییەکەدا خەوتوون. ئەمەش هاندەرانی نەسڕی پێش بەرپرسانی یانەکە تووڕە کرد؛ چونکە ئاامژەیەک بوو لە دۆنەوە بۆ ئەوەی خۆی لە بەرپرسیارێتی دۆڕانەکە رزگار بکات و یاریزانە هاوڕێکانی تۆمەتبار بکات.
رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی نەیانتوانی لەگەڵ ئەو هاندەرە زۆرانەدا ئاشت ببنەوە کە یاریگای پارک دی پرێنسیان پڕکردبوو، هەروەها قەرەبووی نائومێدییەکەی سەر ئاستی ئاسیا بکەنەوە دوای ئەوەی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا لەلایەن کاواساکی فرۆنتالی ژاپۆنییەوە دۆڕا، کە پلەی دووەمی بەدەستهێنا بەرامبەر ئەهلی.
لەتەمەنی 40 ساڵیدا، پێنج جار باشترین یاریزانی جیهان ئەرکی پێشەنگایەتیکردنی نەسڕی بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە وەرزی داهاتوودا قورسە، چونکە لە خولی رۆشندا 5 خاڵ لە پلەی دووەمەوە دوورن. ئەمەش پرسیارێک دروست دەکات کە ئایا رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت یان نا، کە تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی نوێ نەکردووەتەوە.
رۆژنامەی عوکازی بەنێوبانگیسعودی بڵاویکردووەتەوە، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، کە لەم وەرزەدا لە 39 یارییدا 33 گۆڵی تۆمارکردووە، پلانێکی تۆکمەی گۆڕانکارییەکانی خستووەتەڕوو کە ستافی تەکنیکی و ریزبەندیی یاریزانە بیانی و ناوخۆییەکان لەخۆدەگرێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە، رۆناڵدۆ پێشنیازی کردووە دەستبەرداری ژمارەیەک پیشەگەری بێکاریگەر بێت، دیارترینیان گۆڵپارێزی بەرازیلی بێنتۆ و ئەنجێلۆی بەرگریکار و ئێمریک لاپۆرتی و وێسلی هێرشبەر، لە بەرامبەر هێشتنەوەی سادیۆ مانێ، ئۆتاڤیۆ، برۆزۆڤیچ، جۆن دوران و محەممەد سیماکان.
هەروەها دۆن داوای فرۆشتن یان نوێنەکردنەوەی گرێبەستی ژمارەیەک یاریزانی ناوخۆیی کردووە، بەئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و باشترکردنی کارایی، ئەمەش بەشێکە لە پلانێکی تەکنیکی کە بودجەیەکی نزیکەی 300 ملیۆن ریالی سعودی پێویستە.
لەسەر ئاستی تەکنیکی کاپتنی نەسڕ ناڕەزایی خۆی لە ستیفانۆ پیۆلیی راهێنەری ئیتاڵی دەربڕیوە. داوای کرد ستافێکی تەکنیکی ئەورووپی پیشەگەر و بەڕێوەبەرێکی وەرزشیی ئاستبەرز دەستنیشان بکرێت، کە دەسەڵاتی تەواویان پێدەدرێت بۆ جێگرتنەوەی فێرناندۆ هیێرۆ، بەسەرپەرشتی لیژنەیەکی تەکنیکی سەربەخۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ