پشکنینی لەناکاوی وزەبەخش بۆ رۆناڵدۆ کراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵد یانەی نەسڕ خولی سعودیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەشدارینەکردنی لە ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی یانەی نەسڕ لەگەڵ هاندەرەکانیان پاش سەرکەوتن بەسەر یانەی فەیحا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ مشتومڕی گەورەی دروستکرد.
 
رۆناڵدۆ لە سەرکەوتنی نەسڕ بەرامبەر فەیحا لە گەڕی 24ی خولی رۆشنی سعودیە بەشداریکرد، ئەو یاریزانە ئەگەرچی لێدانێکی سزای لە گێمی یەکەمدا لەدەستدا، بەڵام یانەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە مایەوە.
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە، بەپێچەوانەی خووە هەمیشەییەکەی، لە دوای یارییەکە لەگەڵ هاوڕێکانی نەچووە بەردەم هاندەرانی یانەکە، بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕێت و ئەوەش پرسیاری لای هاندەرانی یانەکە دروستکرد، لەبارەی هۆکاری دەرنەکەوتنی رۆناڵدۆ.
 
رۆناڵدۆ لە خولەکی 81 لەسەر داوای خۆی، یاریگەی بەجێهێشت و دواتر خۆرخی جیسۆسی راهێنەری یانەی نەسڕ، رایگەیاند ئەو یاریزانە هەستی بەماندووبوونی ماسوولکەکانی کردووە.
 
میدیای سعودیە، هۆکاری بەشدارینەکردنی رۆناڵدۆیان لە ئاهەنگی سەرکەوتنی هاندەران و یاریزاناندا ئاشکراکردووە و دەڵێن بەهۆی پێکانەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی پشکنینی لەناکاوی وزەبەخشەوە بووە.
 
وەکئەوەی سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، دەستەی پشکنینی وزەبەخش لە خولی سعودیە، دوای یارییەکە چوونەتە ژووری جلگۆڕینی یانەی نەسڕ و رۆناڵدۆیان گیڕاوەتەوە بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ بکەن.
 
میدیاکان دەڵێن، پشکنینەکە ئاسایی و رۆتینییە، بەڵام لەبەرئەوەی هەندێک کاتی دەوێت و دەستبەجێ دوای یارییەکە بۆ رۆناڵدۆ کراوە، بۆیە ئەو یاریزانە ناچاربووە لە ژووری جلگۆڕین بمێنێتەوە و لەگەڵ هاوڕێکانی بەشداریی ئاهەنگی سەرکەوتنەکە نەکات.
 
رۆناڵدۆ لە وەرزی ئەمساڵی خولی سعودیە 21 گۆڵی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکردووە و سێیەم گۆڵکاری ئێستای خولەکەیە پاش هەریەکە لە ئیڤان تۆنی (23 گۆڵ) و جولیان کینۆنیس (22 گۆڵ).
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە