سۆلاری داوای گرێبەستێکی بەپەلە لە پێرێز دەکات

10-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرانکۆ ماستانتۆنۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە مۆندیالی یانەکانی 2025 داوای لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەک کردووە دەستبەجێ گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەک بکات بۆ ئەوەی یانەکە ئاستێکی باش لە پاڵەوانێتییەکەدا وەربگرێت.
 
وادیارە رۆژەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی لە ریال مەدرید بەرەو کۆتایی دەڕۆن، کە میدیاکانی جیهان لەم دواییانەدا رایگەیاند کە ئەنچێلۆتی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل وەردەگرێت، ئەمەش دەرگای بۆ دانانی راهێنەرێکی نوێ بۆ هەڵبژاردەی شاهانەی وەرزی داهاتوو کردەوە. 
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید دووپاتی دەکەنەوە کە سانتیاگۆ سۆلاری، کە پێشتر بەشێک بوو لە ستافی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید بۆ مۆندیالی یانەکان بەشێوەیەکی کاتی دەبێتە راهێنەری یانەکە و دوای ئەو پاڵەوانێتییە چابی ئەلۆنسۆ ئەرکەکە وەردەگرێت.
 
هەموو پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سانتیاگۆ سۆلاری بەرپرسیار دەبێت لە سەرکردایەتیکردنی ریال مەدرید لە مۆندیالی یانەکانی داهاتوودا، کە بڕیارە لە 18ـی حوزەیران ئەنجام بدرێت و تیپەکە بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی دەست بە کاروانی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، هەرچەندە سۆلاری بەشێک نییە لە پلانەکانی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام لەوانەیە ئەو ئەرجەنتینییە  سەرکردایەتی کاتی خۆی لە تیپەکەدا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی داوای هەندێک گرێبەستی داهاتوو لە فلۆرێنتینۆ پێرێز بکات، بەتایبەتی گرێبەستکردن لەگەڵ فرانکۆ ماستانتۆنۆی ئەستێرەی یانەی ریڤەر پلەیتی ئەرجەنتینی.
 
ماستانتۆنۆ کە بەئاستە سەرنجڕاکێشەکانی لەگەڵ یانەی ریڤەر پلەیت هەمووانی سەرسام کردووە، دوای گۆڵە سەرسوڕهێنەرەکەی هەفتەی رابردووی بەرامبەر بۆکا جونیۆرز، بووە جێگای سەرنجی یانە گەورەکان.
 
دوای یارییەکە، ماستانتۆنۆ باسی داهاتووی خۆی کرد و گوتی "من لێرە لە ریڤەر پلەیت پابەندم، زۆر شتم هەیە لێرە سەرنجی لەسەر بدەم، دەمەوێت چێژ لە کاتێکی زیاتر لەم یانەیە وەربگرم، دەبینین لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام ئێستا سەرنجم لەسەر یانەکەمە".
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە یەکەم داواکاری سۆلارییە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز، چونکە پێیوایە نابێت ریال مەدرید دەرفەتی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو گەنجە ئەرجەنتینییە لەدەستبدات و دڵنیایە کە ماستانتۆنۆ داهاتوویەکی باشی لەگەڵ مێرینگێ دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە