رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، دوو راهێنەری مەترسیدار و بەتوانا دەباتە یانەکەی بۆ ئەوەی لە مۆندیالی یانەکاندا و وەرزی داهاتوودا هاوکاریی پێپ گواردیۆلا بکەن.
مانچێستەر سیتی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، هەریەکە لە پێپین لیندێرز، وەکو یاریدەدەری راهێنەر و جەیمس فرێنچ، وەکو راهێنەری تایبەت بە لێدانە جێگیرەکان پەیوەندییان بە یانەکەوە کردووە
بەپێی راگەیێنراوی یانەی مانچێستەر سیتی، لیندێرز دەگاتە یاریگای ئیتیحاد و خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانی ڕاهێنەرایەتییە لە ئاستی باڵادا و هەم لە پرێمیەرلیگ و هەمیش لە کیشوەری ئەوروپا خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە.
ئەم راهێنەرە هۆڵەندییە، تەمەنی 42 ساڵە، لە ساڵی 2002 دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە، سەرەتا وەک بەشێک لە ستافی لاوانی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەستی بە کارکردن کرد، دوای ئەوە رۆڵێکی هاوشێوە لەگەڵ یانەی پۆرتۆی پورتوگالی وەرگرت.
لە ساڵی 2014 لیندرێز چووە ئینگلتەرا و پەیوەندیی بە یانەی لیڤەرپوولەوە کرد، کە ئەو کاتە بێرندان رۆجەرز، راهێنەری یانەکە بوو، دوای ئەوەش یۆرگن کڵۆپ بووە راهێنەری یانەکە و لیندێرز ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ئەو راهێنەرە کاریکرد و رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی چەندین نازناوی جیاواز لەسەر ئاستی ئەورووپا و ناوخۆی ئینگلتەرا.
لە هاوینی 2024 لیندێرز لەگەڵ کڵۆپ یانەی لیڤەرپوولی بەجێهێشت و بووە راهێنەری یانەی رێدبوڵ سالزبۆرگ نەمسایی، بەڵام ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ئەو یانەیە نەمایەوە.
جەیمس فرێنچ، یەکێکی دیکەیە لەو راهێنەرانەی یانەی مانچێستەر سیتی گرێبەستی لەگەڵ واژۆکردووە و تایبەتە بە تۆپی جێگیر و لە مانچێستەر سیتی کار لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانی تیپەکە لەو رووەوە دەکات.
ئەم راهێنەرە پۆرتوگالییە و تەمەنی 37 ساڵە، پێشتر یاریدەدەری یۆرگن کڵۆپ بوو لە یانەی لیڤەرپوول و ئەزموونێکی زۆری لە تۆپی پێی ئینگلتەرادا هەیە، لەگەڵ یانەکانی سوانزی سیتی، کاردیف سیتی و لیڤەرپوول کاریکردووە و هەموو تەمەنی کارکردنی وەکو راهێنەری تایبەت بە تۆپە جێگیرەکان لە ئینگلتەرا بووە.
یانەی مانچێستەر سیتی لە راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "و هیچ گومانێکمان نییە کە هەردووکیان دەبنە سەرمایەیەکی زۆر گرنگ بۆ پێپ و ستافی راهێنەرانی، لە کاتێکدا خۆمان بۆ جامی جیهانیی یانەکان و دواتریش وەرزی 2026-2025 ئامادە دەکەین." هەموو کەسێک لە یانەی مانچستەر سیتی هیوای باشترین بەخت بۆ پێپین و جەیمس دەخوازێت لە پۆستە نوێیەکانیاندا."


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ