گواردیۆلا: ئەوەی لە غەززە روودەدات هەموو گیانم ئازار دەدات

10-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، رۆژی دووشەممە لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی شانازی لە زانکۆی مانچێستەر، داوای کرد کۆتایی بە نەهامەتیی منداڵانی غەززە بهێنرێت و گوتی، وێنەی منداڵانی کوژراوی غەززە "هەموو گیانم ئازار دەدات."
 
گواردیۆلا لە دژی بێهەڵوێستی هۆشداریدا و گوتی، "لەوەتەی کابووسی منداڵانی ساوای غەززە دەستیپێکردووە، زۆر دەترسم."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە پێیوایە، ئەوەی ئیسرائیل لە دژی منداڵانی غەززە دەیکات، ئەگەر رێگەی لێ نەگیرێت، دەکرێت بەسەر منداڵانی ئەورووپاش بێت. ئەو دەڵێت: "رەنگە بڵێین: ئەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. باشە، دەتوانین وا بیربکەینەوە و بڵێین ئەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. بەڵام ئاگادار بن! دواتر نۆرەی منداڵەکانمان دێت."
 
دەقی قسەکانی گواردیۆلا:
 
زۆر ئازاربەخشە، ئەو شتەی دەبینین لە غەززە روودەدات هەموو گیانم ئازار دەدات. با بۆتانی روونبکەمەوە؛ ئەمە لەبەر ئایدۆلۆجیا نییە. لەبەر ئەوە نییە کە من راست بم و تۆ هەڵە، تکایە! تەنیا لەبەر خۆشەویستنی ژیانە. لەبەر خەمخواردنە لە دراوسێکەت. رەنگە وا بیربکەینەوە کە ئاساییە بە بەرچاومانەوە ببینین، کچ و کوڕی تەمەن چوار ساڵان بە بۆمب بکوژرێن یان لە نەخۆشخانەیەکدا بکوژرێن لەبەر ئەوەی چیدیکە نەخۆشخانە نییە. رەنگە بڵێین: "پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە". باشە، دەتوانین وا بیربکەینەوە و بڵێین "ئەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە". بەڵام ئاگادار بن! دواتر نۆرەی منداڵەکانمان دێت. منداڵانی تەمەن چوار پێنج ساڵی دوای ئەمانە [کە دەکوژرێن] منداڵی ئێمە دەبن. بەداخەوە، کە منداڵەکانم ماریا ماریوس و ڤالانتینا دەبینم هەموو بەیانییەک، لەوەتەی کابووسی منداڵانی ساوای غەززە دەستیپێکردووە زۆر دەترسم. رەنگە هەست بکەین ئەو وێنانە زۆر دوورن لەو شوێنەی ئێستا ئێمە لێی دەژین. رەنگە پرسیار بکەن "چیمان پێ دەکرێت؟" 
 
ئەمە چیرۆکێکم بەبیر دێنێتەوە؛ کاتێک دارستانێک دەسووتێت  هەموو گیانەوەران بە ترسەوە دەژین، بێچارە دەبن، بەڵام باڵندە بچووکەکان بەردەوام دەفڕن دەچنە دەریا و دەگەڕێنەوە، دەچن و دەگەڕێنەوە. بە دەنووکە بچکۆڵانەکەیان ئاو هەڵدەگرن. مارێک پێدەکەنێت و دەپرسێت: "بۆچی وا دەکەیت؟ هەرگیز ئاگرەکەت پێ ناکوژێنرێتەوە." باڵندە هەژارەکە لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ، من دەزانم". مارەکە دەپرسێت: "ئەی بۆچی هەر وا دەکەی؟" باڵندەکە دواجار دەڵێت: "من ئەرکی خۆم جێبەجێ دەکەم." واتە باڵندەکە دەزانێت ناتوانێت ئاگرەکە بوەستێنێت. بەڵام رازی نییە دەستەوسان بوەستێت و هیچ نەکات. لە جیهانێکدا کە هەندێ جار پێمان دەڵێت"ئێمە زۆر بچووکترین لەوەی بتوانین گۆڕانکارییەک دروست بکەین".  ئەم چیرۆکە بەبیرمی دەهێنێتەوە کە هێزی تاکە کەسێک پەیوەندیی بە قەبارەکەیەوە نییە بەڵکو بە بڕیارەکەیەوە هەیە بە هەڵوێست نواندنەوە هەیە. بە رازینەبوون بە بێدەنگی و بێهەڵویستییەوە هەیە لە گرنگترین ساتدا. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا