یاریزانێکی گەنجی کورد لە وەرزشی کیک بۆکسینی ئەڵمانیا دەنگدەداتەوە

10-08-2024
رووداو @Rudawkurdish
ئاراس سەردار دوای بردنەوەی یارییەک ئاهەنگ دەگێڕێت
ئاراس سەردار دوای بردنەوەی یارییەک ئاهەنگ دەگێڕێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاراس سەردار سندی، یاریزانی کیک بۆکسینە و خەڵکی باشووری کوردستانە، ئێستا دانیشتووی ئەڵمانیایە و خاوەنی چەند میدالیایەکە لە کێشی خۆیدا.
 
ئاراس تەمەنی 18 ساڵە و ماوەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو، لەو بارەیەوە گوتی، "کاتێک تەمەنم هەشت ساڵان بوو، باوکم منی برد بۆ فێربوونی یاریی کاراتی، دوو ساڵ یاریکردنی کاراتیم خوێند و بە باشی فێربووم."
 
ئەو گەنجە وەرزشڤانە کوردە دەڵێت، "دوای ئەوەی هاتینە ئەڵمانیا و لە شاری دۆسڵدۆرف نیشتەجێ بووین، دەستم بە فێربوونی یاریی کیک بۆکسین کرد لەژێر سەرپەرشتیی مامۆستاکەم سانکۆڤیچ، لە کێشی 70 کیلۆییدا."
 
ئاراس باسی یەکەم پاڵەوانێتیی خۆی دەکات کە چۆن پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و دەڵێت، "پێش مانگێک لە رکابەرییەکی توونددا لەگەڵ یاریزانێکی هۆڵەندی یاریم کرد، ئەو یاریزانێکی زۆر بەهێز بوو، بەڵام باوەڕم بە تواناکانم هەبوو، ئینجا هەموو خانەوادەکەشم بۆ هاندانم لە نێو هۆڵەکە ئامادەبوون، بە یەک لێدان بەسەریدا سەرکەوتم، شتێکی زۆر خۆش بوو بۆ من، هەروەها بۆ خانەوادەکەم کە بۆ یەکەمجار پلەی یەکەمم بەدەستهێنا."
 
 
ئاراس سندی روونیکردەوە، دەیەوێت بەردەوام بێت لە یاریی کیک بۆکسیندا و ئامانجی ئەوەیە لە هەموو رکابەرییەکاندا بەشداری بکات و پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
 
ئاراس سەردار هەمیشە لەکاتی رکابەرییکاندا گوێ لە گۆرانییەکانی شڤان پەروەر دەگرێت و دەڵێت، "گۆرانییەکانی شڤان پەروەر لەکاتی یاریی کیک بۆکسیندا وزەم پێدەدەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە