رووداو دیجیتاڵ
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان، دووپاتیکردەوە کە پێویستە یاریزانەکانی ئەمشەو ئاستێکی بەرز بەرامبەر سامپدۆریا پێشکەش بکەن. گوتیشی "ئەگەر بمانەوێت لە لووتکەدا بمێنینەوە دەبێت ئێستا و تاوەکو کۆتایی وەرز ئاستێکی باش پێشکەش بکەین و یارییەکان بە باشی بخوێنینەوە".
ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی میلان لە گەڕی 6ـی سێریا ئەیدا دەبێتە مویانی سامپدۆریا.
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا، گوتی "ئەگەر لێم دەپرسی ئایا دڵخۆشم بەوەی نەمانتوانیوە لە یارییەکانی ئاتالانتا و ساسۆلۆ و سالزبۆرگدا سەرکەوتن بەدەستبێنین، ئەوا دیارە ئێمە دەمانەوێت بردنەوە بەدەستبێنین، بردنەوەکانی یەک لە دوای یەک گرنگن، ئەوەش ئەو ئامانجەیە کە ئێمە ئاواتەخوازین بپێکین".
راهێنەری میلان لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەین ئەم یارییە ببەینەوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا باشترینمان پێشکەش بکەین، ئەگەر بمانەوێت لە لووتکەدا بمێنینەوە دەبێت ئێستا و تاوەکو کۆتایی وەرز ئاستێکی باش پێشکەش بکەین و یارییەکان بە باشی بخوێنینەوە".
پیۆلی سەبارەت بەوەش قسەی کرد کە ئەم وەرزە زۆر گۆڵیان لێدەکرێت و گوتی "چ بەهۆی کەمی فۆکەس و وردبوونەوە بووبێت یان بەهۆی هەڵەی تاکەکەسی، بێگومان ئێمە زۆر گۆڵمان لێبووە، کە ئەمە شتێکە پێویستە لەلایەن هەموو تیپەکەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
ئەو زیاتر گوتی "گۆڵ لێبوونی زۆر تەنیا هەڵەی بەرگریکاران نییە، بۆ نموونە ئەو گۆڵەی سێشەمە بەرامبەر سالزبۆرگ لێمان بوو، هەمووان بیریان لە رێگریکردن لە کالولو دەکردەوە، بەڵام دەبوو پێش ئەوەی تۆپەکە بچێتە ناوچەی سزا رێگری بکەین لەوەی رووبدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ