رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، بە بڕیارێکی نوێ هەمووان سەرسام دەکات، کە پەیوەندی بە وادەی وازهێنانی ئەو لە یاریکردنەوە هەیە.
بەگوێرەی تۆڕی گۆڵی جیهانییەوە، رۆناڵدۆ بڕیاریداوە بڕیاری وازهێنانی دوابخات، بۆ دوای یارییەکانی جامی جیهانی 2026.
تۆڕەکە لە زاری رادیۆی کادینا کۆپێوە رایگەیاندووە، رۆناڵدۆ کارگێڕیی یانەی نەسڕی ئاگادارکردووەتەوە کە دەیەوێت گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2027 درێژبکاتەوە، ئەمەش بەهۆی پلانەکانی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال.
چەندین میدیای عەرەبی و بەریتانی، ئەم هەواڵەیان پشتڕاستکردووەتەوە، هەروەها باس لەوە دەکەن کە رۆناڵدۆ کراوەیە بۆ درێژکردنەوەی کاروانی وەرزشیی خۆی لە خولی رۆشن.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، رۆناڵدۆ هەوڵدەدات بوونی چەندین یاریزانی دیار لە ریزەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالدا بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رکابەری بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، هەروەها هەوڵدەدات دەستکەوتی رکابەرە مێژووییەکەی، لیۆنێل مێسی دووبارە بکاتەوە کە نازناوی مۆندیالی 2022ـی بەدەستهێناوە.
مێسی رایگەیاندبوو کە باوەڕناکات لەگەڵ ئەرجەنتین بەشداری مۆندیالی 2026 بکات، هەروەها پێیوایە کە بە ئەگەری زۆرەوە بردنەوەی یاریی کۆتایی مۆندیال لە قەتەر دوایاریی ئەو دەبێت لە مۆندیالدا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پێشتر رایگەیاندبوو، لەوانەیە بیر لە وازهێنان بکاتەوە دوای یاریکردن لە یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، بەڵام ئێستا نزیکبووەتەوە لە مانەوە لە یاریگەکان تاوەکو تەمەنی دەبێتە 42 ساڵ.
گرێبەستی ئێستای کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ تاوەکو هاوینی 2025 درێژدەبێتەوە، پێشتریش چەند راپۆرتێک ئاشکرایان کردبوو کە رۆناڵدۆ وەک مووچەی ساڵانە 200 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
هەروەها راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە یاریکردنی رۆناڵدۆ له خولی رۆشن گرێدراوه به رۆڵی ئەو لە رەواجدان و رێکلامکردن بۆ رێکخستنی مۆندیالی 2034 لەلایەن سعودییەوه، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ نوێ دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ