رووداو دیجیتاڵ
یانەی بێنفیکا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دوو خاڵی لەدەستدا و زیاتر لە رکابەریکردنی پۆرتۆی یەکەم و سپۆرتینگی دووەم دوورکەوتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولی پۆرتوگال، بێنفیکا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر کاسا پیا یارییکرد و هەردوولا یەکسانبوون.
دوای 17 خولەک یارییکردن هێوری سوداکۆڤ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بێنفیکا تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
لە نیوەی دووەمدا لێدانێکی سزا بۆ خاوەن یاریگە هەژمارکرا، ڤانگێلیس پاڤلیدیس گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی جۆزێ مۆرینیۆ تۆمارکرد.
دوای ئەوە یانەی میوان ئاستێکی باشتری پێشکێشکرد، لێدانێکی سزا بۆ کاسا پیا هەژمارکرا، کاسیانۆ لێدانەکەی لەدەستدا، بەڵام کاتێک گۆڵپارێز تۆپەکەی گەڕاندەوە تۆماس ئاراوخۆ یاریزانی بێنفیکا بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە.
لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، رێناتۆ نهاگا گۆڵی دووەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ کاسا پیا تۆمارکرد.
یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، بێنفیکا لە یاریگەی خۆیدا دوو خاڵی لەدەستدا، ئێستا شەش خاڵ لە پۆرتۆی یەکەمەوە دوورە و سێ خاڵیش لە سپۆرتینگی دووەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ