رووداو دیجیتاڵ
یەزن نەعیمات، ئەستێرە و هێرشبەری هەڵبژاردەی ئوردن وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە پەیوەندیکردنی بە یانەی ئەهلی میسری دەکەن.
نەعیمات لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی داهاتووی خۆی گوتی "هەموو بیرکردنەوەم لای هەڵبژاردەکەمە و پەیوەستین بە یاریی گرنگەوە، دواتر باسی ئەو بابەتە دەکەین."
هێرشبەری هەڵبژاردەی ئوردن زیاتر گوتی "لە هەموو دۆخێکدا ناتوانم بەبێ گەڕانەوە بۆ یانەی عەرەبی قەتەری بڕیاربدەم، من یاریزانی ئەو یانەیەم و پەیوەستم بەو گرێبەستەی هەمە."
دواتر نەعیمات لەبارەی هەڵبژاردەی ئوردنەوە قسەیکرد، دوای ئەوەی لە میسریان بردەوە و گوتی "پیرۆزمان بێت، بەختێکی باشتر بۆ میسر، ئێمە خاڵی تەواومان بەدەستهێنا، ئێمە دووپاتمانکردەوە جیاوازی نییە لەنێوان یاریزانانی سەرەکی و یەدەگ، هەمووان لە ئاستێکی بەرزدان، توانای یاریزانی ئوردنیمان پێشاندا، هیوادارم هاوڕێکانم هەمیشە سەرکەوتوو بن، بەر لە یارییەکەش نزام بۆ دەکردن."
یەزن هێشتا قسەیکردووە و دەڵێت "لە راستیدا چاوەڕێی ئەم سەرەتایە باشەمان دەکرد، چونکە بەڵێنمانداوە لە هەموو پاڵەوانێتییە گەورەکاندا بە هەموو توانایەکمانەوە دەربکەوین، ئێمە یەک دەست و یەک دڵین، یاریزانەکان، دەستەی هونەری، هاندەران و فیدراسیۆنی تۆپی پێ، سوپاس بۆ هەمووان."
هێرشبەری یانەی عەرەبی قەتەری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "مافی هاندەرانی ئوردنە خەون ببینن، ئێمە تیپێکی بەهێزین، بەڵام هەموو یارییەک بارودۆخی خۆی هەیە، هێشتا هیچمان نەبردووەتەوە و تەنیا قۆناخی یەکەممان بڕیووە."
یەزن نەعیمات باس لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات لە مۆندیالی 2026 و دەڵێت "هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر یارییەکانی جامی عەرەبە، تیروپشکی مۆندیال نایاب بوو، ئەمە بۆ ئێمە دەستکەوتە بەرامبەر ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیال یاری بکەین، کاردەکەین بۆ ئەوەی سەری هاندەرانمان بەرزبکەینەوە."
ئەم قسانەی یەزن نەعیمات، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئوردن لەکاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە بڵاوکراونەتەوە و سەرۆکی یانەی هەولێریش زیاتر لە جارێک رایگەیاندبوو هەوڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکەیان دەدەن، یانەی ئەهلی میسریش دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە واژۆبکات، بەڵام یاریزانەکە ئێستا لە قەتەرە بۆ یارییکردن لە جامی عەرەب و گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانەی عەرەبی قەتەری لە ساڵی 2027 کۆتاییدێت.
هەڵبژاردەی ئوردن گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی جامی عەرەب، رۆژی هەینی بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ