رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی، پێشەوایەتی حزبێکی تایبەت بەخۆی دەکات لە نێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید و ئامانجی خستنی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەرە.
ماڵپەری 'دیڤێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی رایگەیاندووە، ڤینی و ئەو یاریزانانەی لەگەڵیدان، کاردەکەن لەپێناو خستنی چابی ئەلۆنسۆ و دوورخستنەوەی لە راهێنەرایەتیی یانەکە و بۆ ئەوەش، چەندین یاریزانی یانەکە پشتگیری دەکەن.
ریال مەدرید بە دۆخێکی ئاڵۆزدا گوزەر دەکات، لە دوایین حەوت یارییدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە نێویاندا دوایین یاریی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە لالیگا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر شکستی هێنا.
لەنێو میدیای ئیسپانیادا، دەنگۆکانی دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ گەرمە. سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە یاریی ئەمشەو بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە گەڕی شەشەمی پاڵەوانێتییەکە، دوایین هەلی کارگێڕیی یانەکەیە بۆ راهێنەرەکەی.
ماڵپەرە ئیسپانییەکە دەڵێ، ئەگەری شکست بەرامبەر سیتی، بەتایبەت ئەگەر بەئەنجامێکی گەورە بێت، سەردەکێشێت بۆ دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی یانەکە و ئەوەش بڕیارێکە ژمارەیەک یاریزانی یانەکە پشتگیریی دەکەن، ئەگەرچی هەندێکیان لە دژی بڕیارەکەن.
راپۆرتەکە دەڵێ، ڤینیسیۆس سەرکردایەتی ژمارەیەک یاریزان دەکات، لە ژووری جلگۆڕیندا، کە کاردەکەن بۆ خستنی ئەلۆنسۆ، ئەوانەی پشتگیریی هەوڵەکانی ڤینی دەکەن بریتین لە رۆدریگۆ، فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، جود بێلینگهام و ئێندریک.
حزبەکەی ڤینی ئەو یاریزانانە دەگرێتەوە کە لەگەڵ ستایلی کارکردنی ئەلۆنسۆ دڵخۆش نین و هەندێکیان رۆڵیان لە تیپەکەدا زۆر کەمبووەتەوە.
سەرەتای کێشەکانی نێوان ڤینی و ئەلۆنسۆ لە یاریی کلاسیکۆدا تەقینەوە، پاشئەوەی لە کاتی دانیشاندنی لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا بەئاشکرا ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری ئەلۆنسۆ دەربڕی.
راپۆرتەکە دەڵێ، هەریەکە لە بێلینگهام و ڤاڵڤێردی لەگەڵ ئەلۆنسۆ دڵخۆش نین، دوودڵ نین لە کارکردن بۆ خستنی ئەو راهێنەرە، لە کاتێکدا رۆدریگۆ و ئێندریک هیواخوازن ئەلۆنسۆ لە یانەکە نەمێنێت، بەهۆی کەمیی یارییکردنیانەوە.
لە بەرامبەر گرووپەکەی ڤینیدا، وەک راپۆرتەکە دەڵێ، ئەلۆنسۆش خاوەنی پشتگیریی چەندین یاریزانە، لەوانەش دانی کارڤاخال، دین هاوسن، ئەلڤارۆ کارێراس، ئاردا گولەر، چوامینی، میلتاو و ئێمباپێ.
ئەو راپۆرتە دەڵێ، ئەو یاریزانانە هەست بەدڵخۆشیی دەکەن لەگەڵ راهێنەرەکەیان و پێیانوایە ئەو دەتوانێت تیپەکە بەئاراستەیەکی زۆر باش ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ