پێرێز بۆ ئەلۆنسۆ: نابێ ڤینیسیۆس تووڕە بکەیت

29-11-2025
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێرێز چابی ئەلۆنسۆ ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناچاربووە بچێتە ناو بابەتی ناکۆکی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و چابی ئەلۆنسۆ، لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخی نێوانیان.
 
پەیوەندییەکانی ئەلۆنسۆی راهێنەری ریال مەدرید و ڤینیسیۆسی یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی یانەکە، لەماوەی رابردوودا رووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزیی زۆر بووەوە.
 
لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو یاریزانە و راهێنەرەکەی، لە یاریی کلاسیکۆدا دەرکەوت، پاشئەوەی ئەلۆنسۆ، ڤینی دانیشان و ئەویش بەدەنگی بەرز و ئاشکرا ناڕەزایەتیی دەربڕی.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، پێرێز داوای لە ئەلۆنسۆ کردووە، ئەستێرە بەرازیلییەکە نەخاتە سەر کورسیی یەدەگی تیپەکە.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، سەرۆکی ریال مەدرید لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندی بە ئەلۆنسۆوە کردووە، لەپێناو چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی نێوان ئەو و ڤینیسیۆس و ئەوەش سەریکێشاوە بۆ گۆڕانی بۆچوونی ئەلۆنسۆ لەبارەی ڤینییەوە.
 
سەرچاوەکان پێشتر ئاشکرایانکردبوو، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ئۆڵۆمپیاکۆس لە چامپیۆنزلیگ، پێرێز قسەی لەگەڵ ئەلۆنسۆ کردووە بۆ ئارامکردنەوەی تووڕەیی ژمارەیەک یاریزان کە لە شێوازی کارکردن و پێکهاتە گۆڕینی بەردەوامی ئەلۆنسۆ نیگەران بوون.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، چوونە ناوەوەی پێرێز بۆ کێشەکانی نێوان چابی و یاریزانەکانی، سەری کێشاوە بۆ گۆڕانکاریی لە بیرکردنەوە و بڕیاردانی ئەو راهێنەرە و جۆری مامەڵەکردنی لەگەڵ یاریزانەکان، هەرئەوەش وایکردووە دۆخەکە ئارام ببێتەوە.
 
'سپۆرت' زیاتر دەڵێ، پێرێز بە ئەلۆنسۆی گوتووە، ئەگەر لە ریال مەدرید ڤینیسیۆست هەبێت، ناکرێ تووڕەی بکەیت.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە دوایین یاریی تیپەکەدا بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆس، ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد و ئەگەرچی گۆڵی نەکرد، بەڵام رۆڵی گەورەی هەبوو لەسەرکەوتنی تیپەکە بەئەنجامی 4 - 3 گۆڵ.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە